کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەڕاسیمێک بۆ ساڵیادی شەهیدانی میکۆنووس لە وڵاتی کانادا بەڕێوەچوو

22:11 - 27 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی کانادا بۆ ڕێزگرتن لە ساڵڕۆژی شەهید بوونی دوکتور سەعید و هاوڕێیانی مەڕاسیمێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بۆنەی ۲٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهید بوونی دوکتور سەعید شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە دەست تێرۆریستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسڵامیی ئێران لە ڕێستورانی میکۆنووس، مەڕاسیمێک لە ڕۆژهەڵاتی کانادا بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن هونەرمەند عەلی زەندی مەقامێک بۆ دوکتور سەعید و هاوڕێیانی پێشکەش کرا.

پانێلی دووهەمی کۆڕیادەکە تەرخان کرا بوو بە چەندین بابەت کە لە لایەن مەنسوور عەزیزی، ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە دەروەی وڵات، دوکتور ڕۆژان ئاشتاب و سەدیق ئیبراهیمی پێشکەش کران.

لە درێژەدا پەیامی ئەم حیزب و ڕێکخراوانە بەم بۆنەیەوە پێشکەش کران:

ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ ماڵی کورد لە تۆرێنتۆ
ـ دایکانی دژی سێدارە