کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسیەی ناوکیی تەنیا کێشەی ئامریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نییە

17:35 - 28 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: دۆسیەی ناوکیی تەنیا یەکێک لەو کێشانەیە، کە ئامریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیەتی. چالاکییە تێكدەرانەکان و بەرنامەی مووشکییە بالستیکییەکانی بەشێکی‌تری کێشەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئامریکان.

ڕێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە دیدارێک لەگەڵ CBS ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان وتی: ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران لە لایەنی تەکنیکییەوە بە بەرجام پێبەند بووە، بەڵام لە دوای ئەم ڕێککەوتنە، دوور لە چاوەڕوانییەکانی ڕۆژئاوا، چالاکییە تێکدەرانەکانی زیاد کردووە.

تیلرسۆن، ڕەخنەی لە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و یەمەن و پشتگیری کردنی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان گرت.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا ئاماژەی بەوەدا کە دۆسیەی ناوکیی ئێران، تەنیا یەکێکە لەو سێ کێشە گەورانەی کە ئامریکا لەگەڵ ئێران هەیەتی و دوو کێشەکەی دیکە چالاکییە تێكدەرانەکانی و بەرنامەی مووشەکییە بالستیکییەکانین.

ئامریکا لەم دواییانەدا لە هەوڵی زیاد کردنی ئابڵۆقەکانی سەر ڕێژیمی ئێران بووە و نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی دیکەی ناوچەدا دەر بڕیوە. دوای ڕێککەوتنی بەرجام ڕێژیمی ئێران پشتگیری خۆی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان زیاد کردووە و بەردەوام لە ڕێگەی جیاوازەوە چەکوچۆڵ و پێداویستی بۆ ئەم گرووپانە دابین کردووە.