کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میکۆنۆس بە شکۆیەکی مەزن، لە وڵاتی فەڕانسە بەڕێوە چوو

17:43 - 28 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵیادی شەهید کرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستەکانی نێردراوی ڕێژیمی ئێران، ڕێوڕەسمێک لە وڵاتی فەڕانسە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان هاوڕێ لە گەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی دیکەی کورد، ئێرانی و فەڕانسەیی، بە دانانی تاجەگوڵینە سەردانی کڵکۆی شەهیدانی میکۆنۆس لە گۆڕستانی پێرلاشێزی پاریسیان کرد و وێڕای دەربڕینی پەیامی هاوخەمی، بۆ جارێکی دیکە پەیمانی هاوخەباتییان لەگەڵ حیزب و بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد نوێ کردەوە.

ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی ڕەقیب\'\' و ڕاگرتنی خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی حیزب لە لایەن شاهۆ حوسێنی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕوو بە بەشداربووان و تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان پێشکەش کرا.

نوێنەری حیزبی دێموکرات، لە دەرەوەی وڵات لە قسەکانیدا وێڕای سپاس و بەخێر هاتنی میوانان و بەشداربووان وتی: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وایدەزانی کە بە تێرۆر کردنی دوکتور شەرەفکەندی جووڵانەوەی کورد و خەباتی حیزبی دێموکرات تووشی شکست و داڕمان دەکا، بەڵام وەک ئێستاش دەبینین حیزب هەروا بە سەر پێ راوەستاوە و هەتا وەدی هاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد ئەو خەباتە درێژەی هەیە. ئەوەتا دەبینن کە قوتابیەکانی د.سەعید لە شارە گەورەکان و ناوچە سنوورییەکان، خەباتی شاریان دەست پێکردووە و ترسیان وەبەر دڵی ڕێژیم خستووە.

حوسێنی لە بەشێکی دیکەدا، باسی لە بوێری د. سەعید کرد کە چۆن بە لێهاتوویی جێگەی ڕێبەری مەزن د. قاسملووی گرتەوە و ڕێبەریی حیزبی بە دەستەوە گرت.

نوێنەری دەرەوەی وڵات، لە ناوئاخنی وتارەکەیدا وتی: ئێمە دەبێ ئەو ڕێژیمە وەک ئەوەی کە هەیە بیناسین نەک وەک ئەوەی کە بۆ خۆی ئیددعا دەکا. تێرۆری د.شەرەفکەندی و هاوڕێیەکانی سەرنجی دنیای بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی ڕاکێشا و بە ڕاگەیاندنی حوکمی دادگای میکۆنۆس و محکووم کرانی سەرانی پلە یەکی نیزامی تێرۆریستی، بەڵگەیەکی بەهێزی ڕیسوایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیهاندا بڵاو بووەوە. هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ڕێژیم لە چەند مانگی ڕابردوودا، جارێکی دیکە نیشانی دا کە ئەم دەسەڵاتە قابلی ئیسڵاح نییە و هەمووی مۆرەکانی گەندەڵن.

حوسێنی، لە کۆتاییدا جەختی لە سەر پێویستیی پشتیوانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان کردەوە و ئەو هەوڵەی بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی لێک دایەوە.

پاشان سروودێک لەژێر ناوی سادقی شەرەفکەندی لە لایەن کۆڕی سرودی کومیتەی حیزب لە بێلژیک پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، دوکتور کەنداڵ نەزان بەرپرسی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس و دۆستی نێزیکی د. شەرەفکەندی وتارێکی بە زمانی فەڕانسەیی پێشکەش کرد. دوکتور کەنداڵ وتی: گەلێک کە بیرەوەری و مێژووی نەبێ، خاوەن داهاتووش نییە. ئێستا چارەکەسەدەیەک بە سەر تێرۆری د. سەعیددا تێدەپەڕێ، بەڵام یاد و بیرەوەرییەکانی هەروا لە دڵماندا زیندوون. ئەو وازی لە مامۆستایەتی زانکۆ و ژیانی شەخسی هێنا و بە بیرێکی قووڵی نیشتمانپەروەرانەوە خەباتی شاخی هەڵبژارد. د. سەعید ڕێبەر هەڵگری مەشغەڵی ئازادییەک بوو کە چەخماخەکەی لە کۆماری کوردستان لە مهابادەوە لێدرا بوو و ئێستاش لە درێژەی ئەو ڕەوتەدا خەریکە سەربەخۆیی باشووری کوردستانی لێ دەکەوێتەوە. ئێمە لەوە دڵنیاین کە دەسەڵاتی ئێران هەروا یەکدەست نامێنێ و پێکهاتەی نەتەوەکانی ئێران ڕێگە خۆشکەری سیستمێکی فیدڕاڵی دەدەن.

پاشان هەر یەکە لە کاوە شاوەلی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی پارتی دێموکراتی کوردستان و دوکتور لوئەی جاف نوێنەری یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە فەڕانسە، یادی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستانیان بەرز نرخاند و پێداگرییان لەوە کرد کە هەوڵی یەکیەتی ناوماڵی کورد و پشتگیری لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەتوانێ باشترین وەفا بۆ شەهیدانی میکۆنۆس و هاوڕێیەکانیان بێ.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، د. فرێدریک تیسوو سەرکونسوولی پێشووی وڵاتی فەڕانسە لە هەولێر و دۆستی بەوەفای د. شەرەفکەندی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕێ کە خۆی لە نێو ئاڵقەی گەرموگۆڕی کوردەکاندا دەبینێتەوە و لە هەمان حاڵیشدا زۆر بە پەرۆشەوە یادی دوکتور سەعیدی هاوڕێی نێزیکی دەکاتەوە کە سەردەمانێک بە یەکەوە پێکەنیون و برایانە ژیاون. هەروەها داوای پتەوکردنی ڕیزی لایەنەکانی باشووری کوردستانی کرد و هیوای خواست کە ڕێگە نەدەن هیچ هێزێک لە پرۆسەی ڕێفراندۆم پاشگەزیان بکاتەوە و ئەم هەلە لە کیس گەلە ستەم‌لێکراوەکەیان نەدەن.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەرویز نەویدی وەکوو یەکێک لە ڕێبەرانی ڕێکخراوی فیدائیان- ئەقەلیەت، مورتەزا سادقی نوێنەری ڕێکخراوی فیدائیانی خەڵقی ئێران - ئەکسەریەت و خاتوو ئێران ئەنساری نوێنەری ڕێکخراوی یەکیەتیی فیدائیانی خەڵکی ئێران، بە نۆبە پەیامی ڕێکخراوەکانی خۆیان خوێندەوە و بە تێکڕا لە سەر ئەوە کۆک بوون کە کارەساتی جینایەتکارانەی میکۆنۆس و تێرۆری شەخسی د. شەرەفکەندی خەسارەتی جیددی نە تەنیا بۆ جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکرات، بەڵکوو لە ڕێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژبەری کۆماری ئیسلامیی داوە. هەر بۆیە هەر یەک لەم سازمان و ڕێکخراوە سیاسیگەلە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی لە دەستدانی د. سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیەکانی، پەیمانی پشتیوانی و وەفاداریان لەگەڵ خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات نوێ کردەوە.

هەروەها ئەم پارت و ڕێکخراوانەی خوارەوە بەشداریی گەرموگۆڕی کۆڕەکەیان کرد و بە هێنانە بەرباسی ئەوەی کە ئێمەی کورد یەک گەل و یەک نەتەوەین، پێداگرییان لە پشتگیریی ڕێفراندۆمی ٢٥ی سێپتامبر و یەکیەتیی ڕیزەکانی خەباتی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد:

١- پەیامی یەکیەتیی کورد لە سووریە، لە لایەن حەبیب ئیبراهیم
٢- پەیامی هاکپار، لە لایەن بەڕێز محەممەدە
٣- پەیامی پارتی پێشڕۆی کورد، لە لایەن باوکی جوان
٤- پەیامی پارتی سوسیالیستی باکوور، لە لایەن بەڕێز ئازاد

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، بەشداران بە تێکڕا بەرەو کڵکۆێ شەهیدانی کارەساتی ڤییەن، د. قاسملوو و هاوڕێیانی وە ڕێکەوتن و بە دانانی تاجەگوڵینە ڕێز و وەفاداری خۆیان لەمەڕ شکۆ و خەباتیان زیندوو کردەوە.

ئەم کۆڕیادە بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتانی فەڕانسە، بێلژیک، بریتانیا و هولەند پێک هاتبوو.