کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربەخۆیی کوردستان دەسپێکی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراست

18:26 - 28 خەرمانان 2717

مەجید حەقی

پێ بە پێی باشووری کوردستان دڵی هەموو کوردستانییان چ ئەوانەی دژی گشت‌پرسین، چ ئەوانەی لایەنگر و چ ئەوانەی بێ لایەنن لێدەدات بۆ کاتژمێری سفر و ئاکامی گشت‌پرسییەکە. گشت‌پرسییەک کە دەتوانێت ببێتە سۆنامی تێکچوونی رەوتی دیکتاتۆری لە ناوچەدا و دەسپێکی رێنێسانسی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی ١٥١٤دا لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی سوننە و پاشایەتی سەفەوی شیعەوە کوردستان دابەشکرا و بوو بە قوربانی خوێنڕێژی و رکەبەری نێوان مەزهەبەکانی ئیسلامی. دواتر لە ساڵی ١٩١٨دا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنی خاکی عوسمانی خاکی کوردستان لەنێوان سێ وڵاتی تازە دامەزراوی عێراق، سووریا و تورکیا دابەش کرا. نیشتیمانی کوردان بەدەر لە ئیرادە و ویستی خەڵکی کورد دابەشکراوە و لە رۆژی دابەشکرانییەوە تا ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت، بێ وچان گەلی کورد لە هەموو پارچەکانیدا خەباتی کردووە بۆ وەدیهێنانی سەروەری ئینسانی و مافەکانی مرۆڤی خۆی. جوڵانەوەی خانی لەپزێڕین لە ١٦٠٩ لە ناوچەی ورمێ دژی شا عەباسی سەفەوی بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی کوردستانی ژێر دەستی سەفەوییەکان دەسپێکی ئەو جوڵانەوانە بووە کە لە ماوەی پێنج سەد ساڵی رابردوودا لە کوردستان بەڕێوە چووە.

دابەشکردنی یەکەمی کوردستان و بەدوای ئەو دامەزراندنی وڵاتانی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی، بەدەر لە ئیرادەی گەلانی ئەو ناوچەیە، هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەر چەندین وڵاتی تازە دامەزراو دابەش کراوە و حکوومەتە دیکتاتۆر و تۆتالیتەرەکان حاکم کراون بۆ سەرکوتی خەڵکی ناوچە و پاراستنی بەرژەوەندی براوەکانی شەڕ.

ئاکامی ئەو رەوشە سەرهەڵدانی دەیان شەڕ و قەیرانی نەتەوایەتی و ناوچەیی و تەنانەت شەڕی نێوان ئێران و عێراق و شەڕەکانی دیکەی ناوچە بووە. ئابووری ناوچە سەرەڕای بوونی سەرچاوە دەوڵەمەندە ژێرزەوییەکان لە خراپترین حاڵەتدایە. زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی هەرێمەکە لە ژێر هێڵی هەژاری دا دەژین و بەشی هەرەزۆری ئیمکانات و سەرمایەی دەوڵەتانی ناوچە بۆ چەک‌وچۆلی سەرکوتی خەڵک بەکار دەبردرێت.

دەسپێکی بزاڤی ناسراو بە بەهاری عەرەبی نیشانی دا بە بێ چارەسەری کێشەکانی ناوچەیی، ئایینی و نەتەوایەتی، دێموکراسی ناتوانێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا جێی خۆی بکاتەوە و نەهادینە بکریت.

سەرەڕای بوونی دەستوورێکی بە ڕواڵەت دێموکراتیک، دەوڵەتی عێراقیش کە لە سێ قەوارەی جیاوازی شیعە، سوننە و کورد پێکهاتووە بەهۆی نەبوونی دادپەروەرییەک لە دابەشکردنی دەسەڵات و رابردووییەکی تاڵ ئەمرۆ گەیشتووتە هەڵدێری لێک هەڵوەشان.

لە سەدەی شازدەیەمەوە تا شەڕی دووهەمی جیهانی قاڕەی ئورووپا یەکێک لە خوێناویترین ناوچەکانی جیهان بوو. سەربەخۆیی وڵاتانێک کە سەردەمانێک لە ژێر رکێفی ئیمپراتۆرییە گەورەکانی ناوچە بوون، بوو بەهۆی گەشەکردنی هەرکام لەو وڵاتانە بە جیاو بە پێی ئەو پەرەئەستاندنی دێموکراسی و سەرئەنجام بە دامەزراندنی یەکیەتی ئورووپا و بازاڕی هاوبەشی ئورووپا، ئەو ناوچەیەی کردۆتە گەورەترین ناوچەی سەقامگیری جیهان، کە لەودا بنەماکانی وەک رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، مافی سەروەری نەتەوەکان و کەمینە نەتەوایەتییەکان، دێموکراسی و گەشەسەندن، رێز لە کەرامەتی مرۆڤ بوونەتە نرخ و بەهای هاوبەش.

بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بگات بە ئاشتییەکی سەقامگیر، پێویستە نەخشەی ژێئۆپۆلیتیکی ئەو هەرێمە سەر لەنوێ بە پێی ویستی نەتەوەکانی پێکهێنەری ناوچەکە بگۆڕدرێت و گەلانی ناوچە بگەن بە مافەکانی خۆیان، تا بتوانن لە هەلومەرجێکی وەک یەک بەرەو ئاوەدانکردنەوە و هاوژینیەکی ئاشتیخوازانە و پێشکەوتووانە لە هەرێمدا هەنگاو بنێن. لەو رووەوە رەوتی سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەتوانێت ببێتە سونامییەکی نوێ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دا. شۆکی سەربەخۆیی کوردستان بەتایبەت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و سووریا و تا ئاستێکیش تورکیا لەوانەیە جەڵتەهێنەر بێت، بەڵام ئەم رووداوە دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆمینۆی دیکتاتۆرەکانی ناوچە و بە ئازادی گەلانی ناوچە، دێموکراسی، گەشەسەندن و ئاشتی روو بە هەرێمێک دەکات کە زیاتر لە پێنج سەد ساڵە لەخوێندا دەگەوزێت.

سەربەخۆیی کوردستان دابەشکردنی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵکوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەراست دا وەدیهێنانی خەونی گەلانی ناوچەیە بۆ بڕیاردانی ئاشتیانە و دێموکراتیک لە مەڕ چارەنووسی خۆیان؛ ئەمە دەبێتە دەسپێکی سارێژکردنی برینە قووڵەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست. کورد سەرەڕای سەرکوت و هەوڵی زۆری دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستان قەت نەبووەتە بەشێک لە کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە. لەو ماوەیەدا دەسەڵاتگەلی زۆر لە سەر کار لابراون، حکوومەتی جۆراوجۆر دامەزراون و سەرکوت و زەبر و زەنگی زۆر بەسەر گەلی کورددا تاقی کراوەتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوە خەبات و مافخوازی نەتەوەی کورد رۆژ بە رۆژ گەشەی سەندووە و ئەمرۆ سەرانسەری کوردستانی گرتۆتەوە. ئێستا دەبێ بۆ هەموولایەک روون ببێتەوە تا پرسی کوردی لەو وڵاتانەدا چارەسەر نەکرێت نە دێموکراسی لەوێ جێگیر دەبێت نە ئاشتی و پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.