کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ۲۵ساڵەی شەهید دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بەرز ڕاگیرا

18:42 - 28 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ٢٥ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میکۆنۆس لە وڵاتی ئاڵمان لە لایەن هاوسەنگەران و ڕێبوارانی بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی یەکشەممە ۲٦ی خەرمانانی ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی یادی ۲۵ساڵەی شەهیدانی میکۆنۆس لەسەر مێنۆمێنتی شەهیدان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات تایبەت بە یادی ۲۵ساڵەی تیرۆری میکۆنۆس، لە لایەن ڕەشید ڕەحمانی ئەندامی کۆمیتەی ئاڵمان خوێندرایەوە.

لە بەشێکی‌ دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا هانس یواکیم ئێریک پارێزەری دۆسیەی تێرۆری میکۆنۆس هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی لە سەر مێنۆمێنتی شەهیدان تاجەگوڵینەیان دانا و بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

یواکیم لە قسەکانیدا بە ڕێزەوە یادی لە شەهید دوکتور سادق کردەوە و وتی: پاش ۲۵ ساڵ هێشتا دوکتور شەرەفکەندی هەروا زیندووە و هاوڕێیەکانی لە حیزبی کوردستانی ئێران درێژە بە ڕێبازەکەی دەدەن، ڕێبازێک کە بۆ بەدی هێنانی مافی گەلی کورد لەژێر دەسەڵاتی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی خەبات دەکات و ئاواتی من سەرکەوتنی حیزبەکەی د. شەرەفکەندییە.

دواتر نوێنەری پارتی سەوزی ئاڵمان و سیناتۆری ئەو حیزبە تاجەگوڵینەی ڕێزی دانا و بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد و پشتیوانیی حیزبەکەی بۆ خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات دەربڕی و تێرۆری چالاکانی سیاسیی بە دەستی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کرد و هەروەها نوێنەری شارەوانی بێرلین و سیناتۆری چەپەکانی ئاڵمانیش ڤێلاوس وێدێکا تاجەگوڵینەی دانا و وتارێکی پێشکەش کرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمی یادی شەهیدانی میکۆنۆس حەمید نەوزەری بەرپرسی ناوەندی پەنابەرانی بێرلین وتارێکی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرد.

نەوزەری، لە قسەکانیدا ئاماژەی بە چۆنیەتی شەهید بوونی کاک دوکتور سەعید و هاورێیەکانی کرد و تێرۆریزمی نێودوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد.

دواتر حوسێن نوێنەری ڕێکخراوی کوردی ئاڵمان بەو بۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئارێز داراپوور بە زمانی ئاڵمانی خوێندرایەوە و پاشان سەرحەد نوێنەری پارتی سۆسیالیستی کوردستان باکوور پەیامێکی پێشکەش کرد کە ناوبراو لە قسەکانیدا وێڕای ڕێزگرتن لە شەهیدانی میکۆنۆس ئاوڕی لە خەباتی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گرێدانی خەباتی شاخ و شار، خۆپیشاندانی شاری بانە و بەگشتی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دایەوە.

لە یادی ۲۵ساڵەی شەهیدانی میکۆنۆس هەرکام لە بەڕێزان، شارەوانی بێرلین و پارتی سەوزی ئاڵمان (گروونە) بە جیا تاجەگوڵینەیان بو سەر مینۆمێنتی شەهیدان ناردبوو و هەروەها بەڕێزان پەرویز دەستماڵچی نووسەر و کەسایەتی سیاسی ئێران، حەمید باران سەرۆکی جڤاتی کورد و سیناتۆری پێشووی پارتی سەوزی ئاڵمان، هاکان تاش نوێنەری پارتی سەوزی ئاڵمان بەشدار بوون و لە لایەن ڕێکخراوی شەپیلا پێشەڕۆژا کوردی لە سووریەش پەیامێک بۆ بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە نێردرا بوو.

ناسر فەتحی هونەرمەندی کورد لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا پرۆفورمانسێکی شانۆیی کورتی پێشکەش کرد.