کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی ورمێ دوایین هەناسەکانی دەکێشیت

22:41 - 28 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: گۆلی ورمێ قوربانی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمی ئێران کراوە و هەتا ئێستە بۆ بووژانەوەی ئەو گۆلە کە داهاتی سروشتی و سامانی نەتەوەیی کوردستانە هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ هەڵنەگیراوە.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕاپۆرتێکان بە نێوی (دوایین هەناسەکانی گۆلی ورمێ) بڵاو کردەوە.

لەو ڕاپۆرتە باس لە کار کردنەکان بۆ چارەسەری وشک نەبوون و ڕێژەی کاریگەری ئەو کارانە لەسەر گۆلەکە کراوە، بەڵام دەفتەری گەشەسەندنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لەو پەیوەندییەدا نیگەرانە و قەیرانەکە زۆر قووڵتر دەبینێت.

ڕێژیم بە قسەی خۆی و بە ڕواڵەت بۆ دەرباز بوونی گۆلی ورمێ لەو دۆخە کاری زۆری کردووە و هەموو ساڵێک سێمیناری بۆ دەگرێت. بەرپرسان دادەنیشن و وەک ساڵانی ڕابردوو هیچ دەرئەنجامێکی نابێ و دیسان دەست لە پێ درێژتر هیچ بەردێک لە سەر بەردێک دانانێن.

ڕێژیم بە قسەی خۆی ئەو کارانەی بۆ ڕزگاری گۆلی ورمێ کردووە:

- دانانی بنکەیەک بۆ بووژانەوەی گۆلی ورمێ
- دانانی بنکەی قەیرانی گۆلی ورمێ
- دانیشتنەکانی یەک لە دوای یەک بۆ چارەسەریی قەیرانەکە
-جێگۆڕینی مێتۆدەکانی نوێی ئاوەدانی کشتوکاڵ بە جێگای مێتۆدی کۆن
-پڕ کردنەوەی بیرەکان
-بەڕیوەبردنی تەرحی نەکاشت (گەڵاڵەی نەچاندن)
- نەهێشتنی لێدانی بەنداو و زۆر گەڵاڵەی بەرچاوتر لەو پەیوەندییەدا
دەرئەنجامی ئەو هەموو هەوڵە بەرچاو و گشتگیرانەی ڕێژیم و بەرپرسانی و بۆ بارینی باران دەست بە دامانی خودا بوون، ئێستا گۆلی ورمێ زیاتر لە ٨٠ لەسەدی وشک بووە.

بەڵام ئەو کارانەی ڕێژیم کردوویەتی و کاریگەرییەکانی لەسەر وشک بوونی گۆلی ورمێ:

- لێدانی پرد بە هۆکاری نیزامی لەسەر گۆلەکە و پڕکردنەوەی بە خیز و لم
- گۆڕینی ئێکۆسیستمی گۆلی ورمێ بە ساز کردنی پرد
- لێدانی بەنداو بە ئەنقەست و گۆڕینی ئێکۆسیستمی ناوچەکە و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە
- ەڵین دانی بێبنەما و خواردنی بوودجەی تایبەت بە بووژانەوەی گۆلەکە
- ‌سیاسەتی نابەجێی حكوومەت و بەرپرسانی ناوچەکە بە ڕوانگەیەكی بەرچاوتەنگانەی بە ڕواڵەت قەومی و نەتەوەیی و زۆرێک لە کارە شاراوەکانی دیکەی لەو بابەتە بووەتە هۆی ئەوە کە گۆلی ورمێی بەو ئاراستەیەدا بڕوات.

گۆلی ورمێ‌ نزیك بە ٤٠ ساڵە نیشانەكانی نەخۆش بوونی خۆی پیشان دەدات، بەڵام هیچ كام لە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەكان هەتاكوو ئێستاش هیچ هەوڵێكیان بۆ چارەسەر كردنی ئەم نەخۆشییە نەدۆزیوەتەوە؛ بەپێچەوانە ڕێژیمەكان بە بێ‌مشووريی هەرچی زیاتر یارمەتیی وشك بوون و فەوتانی خێراتری ئەم گۆلەیان داوە. بەپێی بیردۆزی پسپۆڕانی زەویناسی و كەشناسی، بە كردەوەی كارناسانە و بڕیاری پێویست لە لایەن حكوومەت و خەڵكی ناوچەكەوە، نزیك بە ٤٠ ساڵ كات پێویستە، هەتاكوو بەرزیی ئاوەكە بگاتە ئاستی دڵخواز و ئەم گۆلە ژیانی دووبارەی خۆی بەدەست بێنێتەوە. بەڵام بەداخەوە ئەو كردەوانەی كە تاكوو ئێستا لە هەمبەر ئەم پرسە دەبوو بکرایە،‌ بە هۆی ڕوانگەی ئەمنییەتیی ناپسپۆڕانەی ڕێژیم و بیرتەسكی هاوكات لەگەڵ زێدەڕۆیی لە ستراتیژیی شاراوەی نەتەوەیی كاربەدەستانی خۆجێی بێ‌‌ئاكام ماوەتەوە و ڕزگار كردنی شینایی ئاوی گۆلی ورمێ‌ لە حاڵی گۆڕان بەرەو تراویلكەیەكی بێ‌‌ئاكام دایە.