کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنیامین ناتانیاهوو داوای دەستکاری یان ڕەت کردنەوەی بەرجام دەکات

16:51 - 29 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بنیامین ناتانیاهوو لە مەترسییەکانی بەردەوامی بەرجام هوشداری دا و ئاماژەی بە دروست بوونی کورەی باکوورێکی‌تر کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، بنیامین ناتانیاهوو سەرۆکوەزیری ئیسرائیل لە وتارێكدا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک باسی لە مەترسی درێژەدان بە ڕێککەوتننامەی بەرجام کرد و داوای لابردنی ئەو خاڵانەی کرد، کە گوشارەکان لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لا دەبات.

لە وتارەکەیدا لە بەردەم کۆبوونەوەی ساڵانەی سەرکردەکانی جیهان لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ناتانیاهوو وتی: بیگۆڕن یان هەڵیوەشێننەوە، چاکی بکەن یان ڕەتی بکەنەوە. وتیشی ئیسرائیل ڕێگە نادات ئێران بنکەی سەربازیی هەمیشەیی بۆ هێزە ئاسمانی و دەریایی و وشکاییەکانی لە سووریە دابمەزرێنێت .

ناوبراو لە درێژەی وتارەکەیدا وتی: ڕێککەوتنننامە بەرجام دەیەی ٩٠مان بیر دێنێتەوە، کە ئێمە ئەو کاتیش دژی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ کورەی باکوور بووین، کە بەردەوامی ڕێککەوتن لەگەڵ کورەی باکوور بووە هۆی ئەوەی کە ئێستە دەیبینین.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئەوانەی کە ئێستە پشتگیری لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران دەکەن و دەڵێن ئەم ڕێكکەوتنانە ڕێگری لە بەدەست هێنانی چەکی ناوکیی ئێران دەکەن. هەمان شتیشیان بەرانبەر بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ کورەی باکوور دەگوت، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئێستە دەیبینین. ئەگەر مەرجەکان لە ڕێککەوتنی بەرجام نەگۆڕدرێن، ئەنجامەکەی وەک کورەی باکووری لێ دێت و ئاماژەی بەوە دا، کە بەرجام ڕێگەی بە ئێران داوە وەک بەورێکی برسی لە ناوچەکەدا بکوژێت و ببڕێت. ئەگەر ئەم ئیمپراتۆرییە ئیسلامییە بۆمبی ناوکیی هەبێت، بیهێننە پێش چاوی خۆتان چی ڕوو دەدات.

ناتانیاهوو دوو ساڵ پێش لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێکەوتنی بەرجامی بە مایەی شەرمەزاری ناو برد.

سەرۆکوەزیری ئیسرائیل سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران لەو وڵاتە وتی: کەسانێك کە هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکەن، تەنیا خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و ئیسرائیل بە هەموو هێزی خۆیەوە پارێزگاری لە خۆی دەکات.

دوای ڕێكکەوتنی بەرجام ئێران دەسەڵاتی خۆی لە وڵاتانی دەوروبەریدا زیاد کردووە و بەردەوام پشتگیری لە گرووپە تێرۆریستەکان کردووە و ئەمەش نیگەرانی وڵاتانی ئیسرائیل و ئامریکای لێ کەوتووەتەوە.