کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزب لە وڵاتی کانادا، لەگەڵ نوێنەری حیزبی نوێی دێموکرات لەو وڵاتە کۆ بوونەوە

17:44 - 29 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ نوێنەری حیزبی نوێی دێموکرات لە سەر پرسی کورد و ڕاسانی حیزبی دێموکرات گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی مەنسوور عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات، لە شاری ئۆتاوای کانادا، لە گەڵ شاندێک لە حیزبی نوێی دێموکرات لە کانادا کۆ بوونەوە.

لەو دانیشتنەدا کە لە بنکەی سەرەکیی شاراڵ هارد کاسڵ، ئەندام پارلەمانی ئەو وڵاتە لە ئۆتاوا و بە ئامادە بوونی تام ئێڵن نوێنەری یاسایی شاراڵ هارد پێکهات، ئەم خاڵانەی خوارەوە درانە بەر باس:
ـ ڕاسانی حیزبی دێموکرات و سیاسەتی نوێی حیزب بۆ چالاکییەکانی لە نێوخۆی وڵات.

ـ مافی نەتەوەکانی نێو جوغرافیای سیاسیی ئێران و داهاتووی ئەو نەتەوانە و بەرژەوەندییەکانیان.

ـ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و کاریگەریی ئەو دەستێوەردانە لە سەر دۆزی ناوچەکە.

ـ ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان و بەربەستەکانی سەر ڕێی ئەو پرۆسەیە.

ـ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ئیعدام و گرتن و کوشتن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بە تایبەت لە ماوەی سەرکۆماریی حەسەن ڕۆحانی.

لەو دانیشتنەدا کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند، پارتی میواندار داوای کرد کە بە زووترین کات دیسان دوو لایەن کۆ ببنەوە و باسی ئەو هەنگاوانەی کە لە داهاتوودا لە مەڕ پێوەندیی دوو لایەن پێویستە هەڵبگیردرێت، بکەن.