کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بیانووی مانۆڕ ڕێژیم چەکوچوڵ بۆ کرماشان بەڕێ دەکات

18:45 - 29 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانی هەتا ئەمڕۆ بە بەردەوامی ترسی لە کوردستان بووە و شەڕی زۆری بە کورد فرۆشتووە و هەر بۆیەش دەست لە میلیتاریزە کردنی کوردستان هەڵناگرێت.

بەپێی هەواڵنێرییە نێوخۆییەکان، مەنووچهر کازمی یەکێک لە فەرماندەکانی ئەرتەشی ڕێژیم لە کرماشان ڕایگەیاندووە، کە لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی مانۆڕێکی نیزامی لە چوار شاری پارێزگای کرماشان بەڕێوە دەبەن.

بەپێی زانیارییەکان کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیم بەم بوونەوە خەریکە چەکوچوڵی قورس ڕەوانەی کرماشان دەکات و ئامانجی پڕچەک کردنی بنکە سەربازییەکانی کرماشانە و دەیەوێت لە ڕەوتی میلیتاریزە کردنی ئەم شارە بنکە نیزامییەکانی بەهێز بکات.

کازمی بۆ خۆیشی ئاماژەی کردووە، کە مەبەست لەم مانۆڕە نیشاندانی کەلوپەلی نیزامی قورسی نوێیە، کە دەستکردی هێزەکانی ڕێژیمە و هاوکات لەم مانۆڕە هێزە ئاسمانی و زەوییەکان (هوانیروز) هاوکاریان دەکات.

لە پارێزگای کرماشان میلیتاریزە کردن ئەوەندە پەرەی سەندووە، کە لە نێو شاری کرماشان گەڕەک نییە کە بنکەیەکی نیزامی ڕێژیم تێدا نەبێت و هەروەها لە دەرەوەی شار لە سەر ڕێگە سەرەکییەکان و دەشتەکان بە مەودای کەمتر لە یەک کیلۆمێتر بنکە نیزامییەکانی ڕێژیم لە سپای تێرۆریستی پاسداران و ئەرتەش، بە تەواوی لقەکانیان لە پەنای یەک دامەزراون.

فەرماندەی ئەرتەشی ڕێژیم لە کرماشان ڕایگەیاندووە، کە ئەم مانۆڕە لە چەند بەشی جیاواز پێک هاتووە و هەروەها فەرماندە پلە بەرزەکانی ئەرتەشی ڕێژیم ئیسلامیی لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکە بەشدار دەبن.

ئەم جموجووڵە نیزامییانەی ڕێژیم لە دوو ساڵی ڕابردوودا کە پێشمەرگەکانی حیزب دەچنەوە ناوخۆ و چەندین جار تێکەڵچوونیان لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم هەبووە، بە شێوەیەکی نائاسایی زۆر بووەتەوە.