کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی نێرگز ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد

23:24 - 29 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ناوەندی نێرگز تایبەت بە پەروەردەی منداڵان لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە لایەن ناوەندی نێرگز، بە بەشداری ئەندامانی ڕێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکرات ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی منداڵانی ناوەندی نێرگز لە لایەن کامیلیا نەوسوودی وەک یەکێک لە مامۆستایانی ئەو ناوەندە خوێندرایەوە.

لەو پەیامەدا باس لە کار و چالاکیی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا کرا.

دواتر قایمەقامی شاری کۆیە حاکم سەرکەوت چەند وتەیەکی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

هەروەها بەرپرسی ڕێکخراوی تۆڕی مافی منداڵان، باسێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، دوو سروود لەژێر ناوی سڵاوی گەرم و هۆ کاکی پێشمەرگه لە لایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش کران.

هەروەها گۆرانی بەناز بەناز لە لایەن کیژانی ناوەند و هەروەها دوو شێعر بە ناوەکانی چەتر لە لایەن ‌هێڤین پێشڕەو و شێعری پێشمەرگە لە لایەن دلۆڤان عەزیمی و نیشتمان کەمانگەر پێشکەش کران.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەند کێبڕکێی تایبەت بە منداڵان ئەنجام درا و کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکی تیمی منداڵانی ناوەندی نێرگز کۆتایی پێهات.