کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندن

17:12 - 30 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە بە نیشانەی پارێزگاری کردن لە شوناس و کولتووری نەتەوەیی خۆمان وەک نەتەوەیەکی وشیار، بەجل و بەرگی ڕازاوەی کوردیەوە نەوەی نوێی ئەمڕۆ و خاوەنداری دواڕۆژ و داهاتووی نەتەوەکەمان بۆ بەرەو زانستگا، قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن بەرێ بکەین.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

دەسپێکی وەرزی نوێی فێرخوازی و فێرکردن پیرۆز بێ

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

خوێندکاران و مامۆستایانی ئێران،

خوێندکار و مامۆستایانی کوردستان،


ڕۆژی یەکی ڕەزبەر لە ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستاندا، وەکوو ڕۆژی کرانەوەی قوتابخانە و خوێندنگە و زانستگاکان دەناسرێ و سەرەتای هاتنی وەرزی پاییز لە ئێراندا دەسپێکی ساڵێکی نوێ و وەرزی زانست و خوێندنە و ئەم وەرزە لە بیرەوەی و کەلتووری کۆمەڵایەتیدا بۆن و بەرامەی خوێندن و فێرخوازیی بەخۆوە گرتووە.

لێرەدا پێویستە هاتنی ساڵی نوێی خوێندن بە هەموو قوتابی و خوێندکار و فێرخوازێک لە ئێراندا پیرۆزبایی بڵێین، چوونکە ساڵێکی دیکە لە پرۆسەیەکی گرنگی پێگەیشتن و فێربوون دەست پێ دەکەن. هەروەها پیرۆزبایی لە مامۆستایانی خوێندنگەکان و مامۆستایانی زانکۆکان بکەین کە ساڵێکی دیکەی بەڕێوەبردنی ئەرکی پیرۆزی مامۆستاییان دەست پێدەکاتەوە.

بەتایبەتیش پیرۆزبایی لە هەموو فێرخوازان و قوتابی و خوێندکار و مامۆستایانی کورد بکەین چوونکە لە وڵاتی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی تاراندا، ئەوان لە نێو نەتەوەی ستەملێکراوی کورددا ئەرکی گەورە و گرینگی فێربوون و فێرکردنیان لە ئەستۆیە کە رۆڵەکانی گەل بۆ داهاتووی وڵات بار دێنن.

پێویست بە ئاماژە و زۆر وردبوونەوە ناکا کە خوێندن و فێربوون لە هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەکدا چ دەورێکی بنەڕەتی دەگێڕێ و بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە زانیاری و زانست بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەر گەشە دەکا و شۆڕشی بەردەوامی زانستی جیهان بە خێرا دەگۆڕێ، ئەو نەتەوانە سەرکەوتوو دەبن و دەمێننەوە کە لەگەڵ رەوتی گەشەکردنی زانست لە ئاستی جیهاندا، خۆیان ڕێک بخەن و بیر و هزر و پەروەردەی نەوەی نوێیان بەو پێیە بڕواتە پێش.

ئەوەی لە ئێراندا دەیبینین هەرچەند بە ڕواڵەت دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، دەسپێکی ساڵێکی دیکە لە فێربوونی ڕۆڵەکانی کۆمەڵگایە، بەڵام لەبەر بەلاڕێدابردنی سەرتاسەریی پڕۆسەی خوێندن و پەروەردەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەباتی نوێبوونەوەی بیر و هزری نوێی داهێنەرانە، هەوڵ دەدا کە پەروەردەی منداڵ و لاوانی ئێرانی، پەروەردەیەکی داخراو و چەقبەستوو بێ و بە بیری کۆن و دواکەوتووانە باریان بێنێ.

مامۆستایانی ئازیز ئێوە وەک توێژێکی زەحمەت‌کێشی کۆمەڵگا کە ئەرکی قورسی پەروەردەکردنی نەسڵی نوێی کۆمەڵگاتان لەسەر شانە، بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە شوێنی کارەکانتان بەرەوڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە و بەشی هەرە زۆری ئەو کێشانەش لە سیاسەتی ڕێژیم و جۆری ڕوانینی ڕێژیمەوە سەرچاوە دەگرێت بەرامبەر بە سیستمی پەروەردە و بارهێنان. بوونی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و حەراسەت لە شوێنی کار، کەم‌بوونی حەقدەست و مووچەی کارکردن کە وادەکات بەشی هەرە زۆری مامۆستایان بۆ بژێوی ژیانیان ڕوو بکەنە کاری دووهەم و زۆر کێشەی‌تر لەشوێنی کارکردن بەشێک لەو کێشانەن. ئێمە وێڕای رێزگرتن لە هەوڵ و ماندوو بوونەکانتان، بوونی هێمنی و ئاسایش لە شوێنی کار و باشتر بوونی بژێوی ژیانتان بە مافی بێ ئەملاوئەولای ئێوە دەزانین.

جیا لە کۆی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە ئێراندا، بوارێکی تایبەتیی دیکەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، پرسی ئەو ژینۆسایدە فەرهەنگیەیە کە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی شۆونیستیدا بەڕێوە دەچێ.

دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، هەر چەند لە بواری فێربوون و زانستەوە دەورێکی گرینگی هەیە، بەڵام بۆ میلیۆنان ڕۆڵەی نەتەوە ژێرستەمەکانی ئێران، دەسپێکی کوشتاری فەرهەنگییە کە خوێندن بە زمانی دایکی و زمانی نەتەوەکەی خۆیان لێ قەدەغە دەکەن و بە زمانێکی دیکە کە بۆ ئەوان بیانیە، وانەیان پێ دەڵێنەوە.

لە ڕاستیدا منداڵانی نەتەوە ژێرستەمەکان لە ئێراندا و یەک لەوان نەتەوەی کورد، کە هەتا پێش دەسپێکی خوێندنی قوتابخانە بە زمانی دایکییان لە ماڵ و گەڕەک و لە نێو خەڵکی خۆیاندا دەدوێن و گوێبیستی دەبن، لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکی خوێندنی فەرمیدا زمانی دایکییان دەبردرێتە کوشتارگەی فەرهەنگی و بە زمانێکی بۆ ئەوان بیانی پەروەردە دەکرێن.

هیوادارین کە سیستمی دواکەوتوو و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی لەنێو بچێ، چوونکە تەنیا بە نەمانی کۆماری ئیسلامییە کە دەرگای سیستمێکی نوێ و ئەمڕۆیی پەروەردە دەکرێتەوە و دەرەتانی ئەوەش دەرەخسێ کە منداڵانی نەتەوەکانی غەیره فارس لە ئێراندا بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن.

جێی خۆیەتی لەم ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنەدا، بە نیشانەی پارێزگاری‌کردن لە شوناس و کولتووری نەتەوەیی خۆمان وەک نەتەوەیەکی وشیار، بەجل و بەرگی رازاوەی کوردییەوە نەوەی نوێی ئەمڕۆ و خاوەنداری دواڕۆژو داهاتووی نەتەوەکەمان بۆ بەرەو زانستگا، قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن بەڕێ بکەین. هەوڵمان ئاخاوتن بە زمانی کوردی بێت و ڕۆژی کرانەوەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ خوێندکاران و مامۆستایان بکەین بە کەرنەڤاڵی داکۆکی کردن لە شوناس و کولتووری نەتەوەییمان.

وێڕای پیرۆزبایی دووبارەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بەهیوای گەشەکردنی کەلتووری مرۆڤدۆستی و داهێنەری لە ئێراندا و هاتنەدی سیستمێک کە چیدی هیچ جۆرە ژینۆسایدێکی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی تێیدا بەڕێوە نەچێ.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی