کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران، ناتوانن ترسی خۆیان لە هەڕەشەکانی ئامریکا بشارنەوە

17:32 - 30 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بە دوای لێدوانەکانی دانڵد ترامپ بەرپرسانی نیزامی ڕێژیم، لێدوانی توندیان دەربڕی.

محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی گشتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، چەند کاتژمێر پێش لێدوانی ڕۆحانی لە ڕێکخراوی گشتی نەتەوە‌یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: داوا لە ڕۆحانی دەکەم، وڵامێکی لێبڕاوانە، شۆڕشگێڕانە و ڕووناکبیرانە بە ترامپ بداتەوە.

هەروەها جەعفەری ئەوەشی زیاد کرد: هەڵویستی لێبڕاوانە لە هەمبەر ترامپ سەرەتای کارە و ئامریکا دەبێ چاوەڕێی وڵامی هەژێنەرتر لە کردەوە و ڕەفتاردا بێ و دەبێ چاوی لە بڕیارەکانی ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا بێت.

دوا بە دوای قسەکانی جەعفەری، مەسعود جەزایری جێگری ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران و وتەبێژی بەرزی ئەو هێزانە بۆ بەرپەرچدانەوەی قسەکانی ترامپدا وتی: ئەوەیکە ترامپ دەڵێ، ناتوانین لە بەرجامدا بمێنینەوە بە خۆیان پەیوەندی هەیە و بەو گاف لێدانانە ناتوانێ دەسکەوتی لە ئیران ببێت.

مەسعوود جەزایری وتیشی: لە هەمبەر وڵاتێکدا کە سەرکۆمارەکەی بە ئاشکرا هەڕەشەی نیزامی دەکا چارەیەکی دیکەمان نییە، جگە لە پڕچەک کردنی خۆمان.

هەر لەو پەیوەندییەدا شەمخانی سکرتێری شورای بەرزی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وتی: قسەکانی ترامپ دیاریکەری ئەوەیە کە ناوبراو تێگەیشتنێکی لاوازی لە هەمبەر ڕێکەوتنە نێونەتەوەییەکان و بنەما یاساییەکان هەیە.

قسە لەرزۆکەکانی ئەو بەرپرسانەی ڕێژیمی ئێران، بە دوای لێدوانی سەرکۆماری ئامریکا لە یەکەم ئاخاوتنیدا لە کۆڕی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بوو، کە نازناوی یاخی بۆ ڕێژیمی زاڵ بە سەر ئێرانی بەکار هێنا و وتی: زۆرینەی خەڵکی ئێران خوازیاری گۆڕینی حکوومەتەکەیانن، بۆیە پێویستە دەنگ و هاواریان ببیستین.

ترامپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ناوکیی کرد و وێڕای پێداگری دووبارە لەسەر ئەوەیکە بەرجام خراپترین ڕێککەوتننامەی مێژوویی ئامریکایە وتی: بەرجام بووە هۆی شەرمەزاری ئامریکا.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ناتوانن ترس و دڵەڕاوکێی خۆیان لە هەڕەشەکانی ئامریکا بە هۆی کردەوە تێرۆریستییەکانیان و پێشێلکردنی بەرجام بشارنەوە.