کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەرییەکانی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە سەر ئێران

17:44 - 30 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: لەو کاتەوە کە باشووری کوردستان بڕیاری داوە، ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە دەبات، ڕێژیمی ئێران بە توندی دژکردەوەی نیشان داوە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی کە ئەم بڕیارە سەر نەگرێت.

سەربەخۆیی باشووری کوردستان، جیا لەوەی کە کاریگەریی سیاسی لە سەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت، کاریگەریشی لە سەر ئابووریی ئێران دەبێت، هەرچەندە ڕێژیمی ئیسلامیی نکۆڵی لەم کاریگەرییە دەکات، بەڵام لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژنامەی ئبتکار بڵاو بووەتەوە، دانی بەوە داناوە کە کاریگەریی لە سەر هەناردەکانی ئێران دادەنێت.

لەم ڕاپۆرتەدا، کە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە، ئامارێک لە هەناردەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی باشووری کوردستان هاتووە، کە لە سنوورەکانی پەرویزخان، باشماخ و حاجی‌عومران، زۆرتر لە ٧٠ لەسەدی بەرهەمە هەناردەییەکان لەم سێ سنوورە بۆ دەرەوە جێبەجێ دەکرێن.

بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە ئەم سنوورانە دادەخات و لە ڕاپورتەکەدا هاتووە کە داخستنی ئەم سنوورانە هەرچەند کاریگەریی لە سەر ئابووری باشووری کوردستان دەبێت، بەڵام بە پیچەوانەیشەوە کاریگەریی یەکجار زۆریشی لە سەر هەناردەکردن و ئابووری ئێران دادەنێت.

هەر لەم ڕاپۆرتەدا ئەبۆلفەزلی بەهرەدار، ئەندامی کۆنفدراسیۆنی ڕاگواستنی ئێران، باسی لەوە کردووە کە لە ئەگەری داخستنی سنوورەکان ناچارین شوێنی هەناردەکردن بگۆڕین، کە ئەم کارە زەربە لە ئابووری ئێران و بەشێک لە ناوچەکە دەدات و ئەم سیاسەتە دەرئەنجامی نەرێنی بۆ ئێران دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا، کومەیل تەیەبی کارناسی ئابووریی لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی ئبتکار باسی لەوە کردووە، کە ئابووری ئێران ناوچەییە و بازاڕی ناوچەکە بۆی گرنگە و کوردستانێکی سەربەخۆ قازانجیشی بۆ ڕێژیمی ئێران هەیە و کوردستان پوتانسیلی سەرمایەدانانی هەیە.

تەیەبی هەروەها ئاماژەی بە جێگە و پێگەی کوردستان لە کاروباری نەوتی کردووە و وتوویەتی: کاریگەریی لە سەر مامەڵە نەوتییەکان هەیە و کوردستان دەبێ بە ئەندامی ئۆپک و ئاماژەی بە ئامارەکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی کردووە و لە ئامارەکاندا هاتووە، لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەناردەکردنی نەوتی ئێران ٦ میلیارد و ١٣٢ میلیون دولار بووە و هەروەها تورکیەش لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی، ٧ میلیارد و ٦٤٠ میلیون دولار شتومەکی هەناردەی عێراق کردووە، کە بەشێکی بەرچاوی ئەم هەناردانە لە سنوورەکانی باشووری کوردستان بووە.

هەروەها لە ئامارێکی دیکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٤ زایینی، هەموو ساڵێک ڕێژیمی ئێران ٨ میلیارد دولار شتومەک هەناردەی باشووری کوردستان کردووە و ئەگەر باشووری کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەینێت و ئێران ئەم سنوورانە دابخات، هەناردە کردنی بۆ کوردستان سفر دەبێ و ئەم بازاڕە لە دەست دەدات.

بەرپرسانی ڕێژمی ئێران سەرەڕای بوونی ئەم ڕاپۆرت و ئامارانە، هەوڵی کەم‌بایەخ نیشا‌ندانی ئەم پرسە لە سەر ئابووری وڵاتەکەیان دەدەن، ئەمەش لە حاڵێک دایە کە داخستنی سنوورەکان و بازرگانی نەکردن لەگەڵ کوردستانی سەربەخۆ کاریگەریی نەرێنی لە سەر ڕەوشی ئابووریی ئێران دەبێت.