کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ پشتیوانی خۆی لە سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی

15:34 - 31 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆی بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور ڕاگەیاند و ڕێفراندۆمی وەک ڕێگەچارەیەکی لۆژیکی بۆ چارسەری کێشە بونیادییەکان ناساندووە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی شۆرای ناوەندیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەم چەشنەیە:


حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە لە ٢٥ی مانگی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی رێفراندۆمێک بەڕێوە دەبات، کە ئەم پرسە دژکردەوەی جۆراوجۆری لە ئاستی ناوچە و کۆڕە نێونەتەوەییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

عێراقی پاش دەوڵەتی بەعسی سەدام حوسێن، وەکوو حکوومەتێکی فیدراڵی هاوبەش کارەکانی خۆی دەسپێکرد و لە یاسای بنەڕەتی خۆیدا ئاماژە بەوە کرا، کە نەتەوەکان و بەتایبەت نەتەوەی کورد بە دڵخواز لەم حکوومەتە بەشدارییان کردووە و یەکەیەکی هاوبەشی سیاسییان پێک هێناوە، کە بە شێوەی فیدراڵی، دێموکراتیک و سکۆلار بەڕێوە دەچێت و هەموو خەڵکی عێراق لەم مافە بەرانبەر و یەکسانە بەری دەبن.

بەڵام بەداخەوە دەستێوەردانەکانی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی کۆتلەبازی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و پەرەپێدان بە شەڕی مەزهەبی و سووکتایی کردنی لە ڕادەبەدەر بە عەرەبە سونییەکانی عێراق و ئاکامی سەرهەڵدانی داعش، ملکەج بوونی حکوومەتی ناوەندیی عێراق و ناسەقامگیرتر بوونی ناوچەکە، بەتایبەت پێک هێنانی قەیران لە عێراق و گۆڕینی ئەو حکوومەتە بە حکوومەتێکی کۆتلەبازی مەزهەبی، سەرەڕۆ و ناوەندگەرای لێ کەوتەوە.

بوونی ئەم بارودۆخە لە وڵاتی عێراق بووەتە هۆی ئەوە کە بنەمای یاسا بنەڕەتییەکان وەکوو وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیی، تەنیا لە سەر لاپەڕەکان بمێنێتەوە و بەم جۆرە ئاڵۆزی و هەڵاواردن و قەیرانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لە نێو خەڵکی عێراق سەر هەڵبدات.

بە هۆی دووربینی و ڕوانگەیەکی تیژ لە مەڕ ئەم دۆخە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵکی کوردستان، خۆ دەرباز کردنی لەم باردۆخە نالەبارەی لە دەستوری کار خۆی داناوە و بۆ دەربازبوون لەم کێشە و گرفتانەی کە بەرهەمی سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندییە و بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشتیخوازانە نەتەوەکانی جوغرافیای عێراق؛ ڕێفراندۆم بە ڕێگاچارەیەکی گونجاو دەزانێت.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ وەکوو یەکیەتییەکی سەرتاسەری ئێرانیی، کە بە مەبەستی پێک هێنانی ئێرانێکی فیدراڵ، دێموکراتیک و سکۆلار لە ئێرانی فرەنەتەوەدا پێک هاتووە، وێڕای ڕێزگرتن لە مافی ڕەوای سەروەریی وڵاتانی دیکە و خۆپاراستن لە دەستێوەردانی نێوخۆیی ڕادەگەیەنێت:

پێکهاتەی فیدراڵیزم لە وڵاتانی نادێموکراتیک و ناسکۆلار، پێکهاتەیەکی دەستەبەریی و بەردەوام نییە و لەم بواردا بە ڕەچاو کردنی بنەماکانی دێموکراتیک و دابین کردنی مافی سەرجەم کەمینەکانی نێوخۆیی هەر جوغرافیایەک؛ لە فورمی گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک، ڕێفراندۆم لە کوردستانی عێراق بۆ بەدی هاتنی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی کورد پشتیوانیی و داکۆکی دەکات.

شۆرای ناوەندیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ