کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ڕاپرسی، کام لە هەڕەشەکان بۆ سەر کوردستان مەترسیدارە؟

18:02 - 31 خەرمانان 2717

جەماڵ فەتحی

هەڕەشەکان لە کوردستان کە بە چەندین شێوازی جۆراجۆر لە لایەن دوژمنان و حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەکرێت، پاش دیاریکردنی ڕۆژی ٢٥ی سپتامبر وەکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕاپرسی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان، سەرەڕای شێوازی دەربڕینی جیاوازیان، بەگشتی لە سەر خاڵێکی هاوبەش واتە دژایەتی کردن بۆ بەڕێوەنەچوونی ئەو ڕاپرسییە کۆکن و هەر کام بە شێوازێک هەوڵ دەدەن کە نەتەوەی کورد لەو بڕیارە لێبڕاوانەی خۆی پاشگەز بکەنەوە و ئەو ئاواتەی کورد بە دی نەیەت.
لەم ماوەدا حکوومەتەکانی ئێران و تورکیە زیاتر لە حکوومەتی بەغداد بۆ لەمپەر دروست کردن لە هەمبەر بەڕێوەچوونی ڕاپرسی لە ڕۆژی دیاریکراودا خۆیانیان ماندوو کردووە و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە چارەنووسسازەیان داوە؛ کە دەکرێت ئەم هەوڵ و پەلەقاژێیانەی هەر کام لە حکوومەتەکانی تورکیە و ڕێژێمی ئێران لە چەندین ڕوانگەی جیاوازەوە ڕاڤە و شرۆڤە بکرێن.

حکوومەتی تورکیە کە میراتگەری حکوومەتی عوسمانییەکانە، بە هۆی ئەوەی وڵاتانی ژێر دەسەڵاتیان لە ساڵی ١٩١٦ی زایینی لە ڕێککەوتننامەی سایکس ـ پیکۆ لە لایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە لێ وەرگیرانەوە و هەیبەتی و مەزنایەتی ئەو ئیمپراتوورییە لەو ڕێککەوتننامەیەدا داڕووخا و وڵاتانی عێراقی و سووریەی ئێستەی وەکوو دوو وڵاتی نوێی لێ کەوتەوە، نایەوێت بە هۆی شوێندانەریی و سەرچەشن وەرگرتنی کوردەکانی ئەو وڵاتە لە دەوڵەتێکی نوێ بە نێوی دەوڵەتی کورد، دیسان وەکوو ڕابردوو تووشی ئەو دابڕان و هەرەس‌هێنانە ببێتەوە، چوونکە لە ڕوانگەی داگیرکەرانی کوردستان نیشتمانی کورد بەشێک لە وڵاتی ئەوانە و نابێت لێیان جیا ببێتەوە، بەڵام لە هەمان حاڵێشدا و بەم ڕوانگە پاوانخوازانە هیچ کات ئامادە نەبوون، کورد وەکوو نەتەوەیەک بناسن و مافەکانی لەبەرچاو بگرن.

لەگەڵ ئەم نیگەرانیانەی تورکیە کە تەنیا بەرهەمی ترس لە ڕەنگدانەوەی وەها بڕیارێک لە لایەن کوردەکانی ئەم وڵاتەیە، کۆمەڵێک بەرژەوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئێستەدا هەیە، کە پێدەچێت لە داهاتوودا بە هۆی تێپەڕبوونی هێڵی بۆری گازی کوردستان لە تورکیەوە بەرەو ئورووپا قازانج و بەرژەوەندییەکانی تورکیە ڕێگا نەدات هەتا سەر دژایەتی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان بکات و ئەو هەڕەشە و هات و هاوارانە کاتی بێت.

جیا لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تورکیە لە کوردستان، لەم چەند ساڵەدا هەرێمی کوردستان بە کردەوە پیشانی داوە کە لە هیچ حاڵەتێکدا مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتە دروست ناکات، هەروەها جگە لە نزیکایەتی حکوومەتی هەرێم کوردستان و حکوومەتی تورکیە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی و سیاسیی، پێکهاتەی حکوومەتی تورکیە کە هەوڵی خۆخستنە ڕیزی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپایە و بوونی لە ڕیزی وڵاتانی ناتۆ ئەو سەرەڕۆییەی لێ وەردەگرێت کە بیەوێت هێرشی سەربازیی و ئۆپراسیۆنیی بە دژی خاکی کوردستان ئەنجام بدات؛ لە بەر ئەوەی هەتا ئێستە وڵاتانی ئورووپا و ئامریکاش ڕاستەوخۆ ڕایان نەگەیاندووە کە ڕاپرسی بە تەواوەتی ئەنجام نەدرێت، بەڵکوو سەرجەم ئەو وڵاتانە داوای وە دواخستنی کاتی ڕاپرسییەکەیان کردووە، چوونکە کاتی بەڕێوەچوونی بە هۆی هەبوونی داعشەوە لە ناوچەکە بە گونجاو نازانن.

سێهەمین فاکتەر بۆ سەلماندنی بەکردەوەیی نەکردنی هەڕەشەکانی تورکیە و مەترسیدار نەبوونیان ئەوەیە، کە وڵاتی ئیسرائیل و عەرەبستان کە لە ناوچەکە هەم لە بواری ئابووریی و هەم لە بواری سیاسی و نیزامییەوە خاوەن پێگەیەکی قورسن، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی خۆیان لە هەمبەر سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاندووە. عەرەبستان جیا لەوەی لە ناوچەکە وەکوو هاوپەیمانی ئامریکا دەژمێردرێت، لەگەڵ تورکیە خاڵێکی هاوبەش واتە سونی بوونیان هەیە و لە ڕوانگەی پەرەنەسەندنی هیلالی شێعە لە ناوچەکە لە ژێر سێبەری ئێران و حیزبوڵڵا هاوڕا و هاودەنگن.

سەرەکیترین ڕێژیمێک کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەدات، ڕێژیمی ئێرانە؛ کە بە چەندین هۆ دەبێت هەڕەشەکانی وەکوو مەترسییەک چاو لێ بکرێت و هەوڵی پاسیڤ کردنی ‌هەڕەشەکانی بدرێت.

ڕێژیمی ئێران کە لە ناوچەکەدا وەکوو پشتیوان و پەرەپێدەری تێرۆریزم ناسراوە و بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ کردەوەیەکی نایاسایی و سەرەڕۆیانە خۆی نابوێرێت، پاش ئەوەی کە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هۆی پرسی ناوکیی چەندین ساڵە لە ژێر ئابڵۆقەی ئابووری و گوشاری سیاسییە، دوای سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە هێندێ وڵاتی عەرەبی و بەتایبەت سووریەدا، لە ڕێگای حیزبوڵڵا و گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکە وەکوو ئەلقاعدە و داعش هەمیشە ئاژاوە و شەڕەکانی لە خۆی دوور خستووەتەوە و بە شێوازێکی موهەندیسییانە و کونتڕۆڵی قەیرانەکان، کاتی بۆ درێژەپێدان بە دەسەڵاتی خۆی سەندووەتەوە و بە قوربانی کردنی نەتەوەکانی دیکە لە وڵاتانی وەکوو سووریە و یەمەن و لوبنان بە سەر ئەو ئاگرەی کە گەشاندوویەتەوە بازی بردووە و بناغەی دەسەڵاتی خۆی لە سەر گیانی خەڵکی بێ‌تاوانی ئەو وڵاتانە نوێژەن کردووەتەوە.

ڕێژیم ئیسلامیی ئێران یەکەمین و سەرەکیترین هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چوونکە لە چەندین لاوە گوشاری سیاسیی و ئابووریی لە سەرە و وەکوو هەمیشە دەیەوێت بە چەواشە کردنی بیروڕای گشتی دنیا گوشارەکانی سەری خۆی کەم بکاتەوە و هەروەها یەکێک لەو حکوومەتە داگیرکەرانەیە کە هیچ کات ئامادە نەبووە دان بە مافی ڕەوای نەتەوەی کورددا بنێت و وەکوو نەتەوەیەک ناوی لێ ببات، بەڵکوو هەمیشە بە نەتەوەی کۆبەشی نەتەوەی فارس و بەشێکی بێبەش ناوی لێ بردووە، بەڵام لە کاتە تەنگانەکاندا وەکوو قەومـێکی ئازا و سنوورپارێز ئاماژەیەکی سەرسەری پێی داوە.

لەوەها سیستمێک کە بەهۆی سەرەڕۆییەکانییەوە لە کۆمەڵگای جیهانی پەراوێز خراوە و گوشارە ئابوورییەکانی ‌هێندە زۆرن کە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان قەرەبووی ئەو هەمووە مایەپووچی و دواکەوتووییانەی ناکەنەوە، دۆخەکەی لە دۆخی تورکیە جیاوازترە؛ بۆیە بەرژەوەندی ئابووریی ناچاری ناکات هەڕەشەکانی کاتی بێت و بە دژی ڕاپرسی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان هیچ کردەوەیەکی نایاسایی و نامرۆڤانە ئەنجام نەدەدات.

جیا لەم فاکتەرانەی کە لە مەڕ هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران باس کرا، بزووتنەوەی نەتەوەی کورد کە پاش چەندین ساڵ ڕاگرتنی خەباتی چەکداری و هەبوونی ڕاستەوخۆی پێشمەرگە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات، بە فورم و قەوارەیەکی نوێ بە نێوی ڕاسان سەرلەنوێ سەری هەڵداوە و بەرپرسانی ڕێژیم هەر لە بەرپرسە ناوچەییەکانەوە بگرە، هەتا کەسی یەکەمیەوە لە پەرەسەندنی ئەم شێوازە خەباتە نوێیە نەتەوەی کورد بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات ترسان؛ بۆیە گشتپرسی و سەربەخۆیی و خەباتی نوێی کوردی ڕۆژهەڵات (ڕاسان) لە یەک ڕوانگەوە سەیر دەکرێت و هەر وەکوو چۆن کورد سەرکەوتنی هەر بەشێک لە کوردستان بە سەرکەوتنی خۆیان دەزانن، دوژمنانی کوردیش بەگشتی و ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی هەر ئەو ڕوانگەیانە هەیە و لە ڕەنگدانەوەی هەر سەرکەوتن و دەستکەوتێکی کورد لە پارچەکەی بندەستی خۆیان نیگەرانن.

نیگەرانی و ترسی ئێران لە دەسکەوتی کورد لە باشوور، جیا لەوەی لە بواری سیاسییەوە ئێران هەر پێشکەوتنێک لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت، لە باری ئابووریشەوە ئێران پێی گونجاو نییە لە تەنیشتیەوە وڵاتێکی دیکە پێک بێت، کە لە کەرتی گازدا لە داهاتوو دەبێتە گەورەترین هەناردەکاری گاز بۆ بازاڕەکانی ئورووپا و ڕکابەرێکە کە لەو گۆڕەپانە شان لە شانی دەدات.

بۆیە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران ناجوانمێرانەیە و ئامادەییەکی گشتی و سەرانسەری باشوور و هێزە ڕزگاریخوازەکانی کورد بەگشتی و بەتایبەتی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم هەڕەشانە دەخوازێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.