کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی ئایینی کوردستانی ڕۆژهەڵات پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن

15:39 - 1 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: لە کوردستانی ڕۆژهەڵات مامۆستایانی ئایینی لە خوتبە و قسەکانیاندا پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شارەكانى بۆكان، سقز و هاوشار مامۆستایانی ئایینی لە سەر ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان قسەیان بۆ خەڵک کردووە.

بەپێی ئەو هەواڵە لە گوندی ئینگی کەند لای تیکان تەپە، مامۆستا مەلا عەبدووڵڵا ڕەسووڵی کە کەسئکی زۆر نیشتمانپەروەرە زۆر بوێرانە لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد قسەی بۆ خەڵک کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە کە مامۆستای ئایینیی مزگەوتی قوبای بۆکان، مامۆستا مەلا محەممەد هیدایەتی کە ئێستا لە سەر کار لادراوە، لە دوای گەڕانەوەی لە سەفەری حەج،
خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە ماڵەکەی کردووە و ئەویش لە خوتبەیەکدا کە پێشکەشی کردووه وهەر لەوێ سوێندی بە قورعان و بە قیبلەی موسڵمانان خواردوە کە ئەوەی باوەڕی بە کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد نەبێ، شەرعەن موسوڵمان نیە و لە ڕۆژی قیامەتدا لێپرسینەوەی لێ دکرێت.

ئەو مامۆستا ئایینیە هەروەها بە خەڵکەکەی وتووە کە لە حەجدا بۆ پاڕاستن و سەربەرزی ڕێبەرە سیاسیەکانمان و سەرکەوتنی ڕێفراندۆم لە باشووری نیشتمانماندا نەزرم کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، مامۆستای ئایینیی مزگەوتی قەوغی سەقز، بە هێنانەگۆڕی گرفتی موسڵمانانی میانمار، لەسەر کورد و مافی چارەی خۆ نووسین، باسی له موسڵمانانی میانمار کردووە که کۆمەڵکوژ دەکرێن و دونیا باسیان دکات ۆ ئێمەی کوردیش موسڵمانی ڕاستەقینەین؛ئەی بۆ سەد ساڵە لە سەرەتایی‌ترین مافمان بێ بەشین کەس ناومان ناهێنێ.

لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە سەرقاڵی ئاژاوە ناونەوەیە و لە ڕێگای بەکرێگیراو و گۆپاڵـبەدەستەکانی خۆیەوە دژی هەر قازانجێکی نەتەوەی کورد هەوڵ دەدات.

لەو پێوەندییەدا، ڕێژیم لە شاری بوکان مەلا جاشەکانی فێرکردووە کە لە خوتبەکانیاندا باسی خراپی ڕێفراندومی باشووری کوردستان بکەن. بۆ نموونە لە خوتبەی نۆێژی هەینی لە میراوای بۆکان مەلا عەبووبەکر کە بەکرێگیراوی ڕێژیمە، باسی لەوە کردووە که ئەوە کارێکی خراپە و شەڕ و هەرا وبراکوژی تێدایە، دوای ئەو قسانە خەڵک دەیکەنە هەرا و زۆر کەسیش مزگەوت بەجی دەهێڵن.