کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان درا

16:37 - 1 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: لە دوای بانگەشە و بەڕێوەبردنی کارنەڤاڵ بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەنگدانەکان دەستی پێکرد.

سەرەڕای دژایەتی و فشارهێنان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نیسبەت بە پاشگەزبوونەوە لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، هاووڵاتییانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەستیان بە دەنگدان کرد.

هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردەوە شەوی ڕابردوو، یەکەم کورد لە وڵاتی چین، لە ڕێگەی دەنگدانی ئەلیكترۆنییەوە، دەنگی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دا.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە کوردستانیانی دەرەوەی کوردستان دەتوانن لە ڕۆژی ٢٣ی سێپتامبرەوە دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدەن.

پرۆسەی نەتەوەیی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان سەرەڕای هەڕەشەی توندی چەند وڵاتی درواسێ وەک ڕێژیمی ئێران، تورکیە و هەروەها بەغدا بەڕێوە دەچێت.

بەرپرسانی وڵاتانی زلهێز بۆ پێشگرتن لە ڕێفراندۆم بەدیلیان پێشنیار کردبوو بەڵام ئەو بەدیلانە قەبووڵ نەکران.

هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیانییەیەکدا نیگەرانیی خۆی لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوه.

پێشتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە دیاریکردنی مافی چارەنووس مافی سروشتی هەموو گەلانی جیهان و نەتەوەی کوردیشە و ئێمە ڕێز لە ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد دەگرین.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرەستیی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە سەر پرسی سەربەخۆیی و بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم گفتۆگۆیان کرد.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ئێستاوە تا دوو ڕۆژی داهاتوودا سەرەڕای هەڕەشە و دژایەتی چەند وڵاتی دراوسێ بەتایبەت ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەچێت.