کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی پێداگرە لەسەر ئاژاوەگێڕییەکانی

16:38 - 1 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: حەسەن ڕوحانی وێرای داکۆکی لە سیاسەتی دەستێوەردانەکانی ریژیم لە وڵاتانی ناوچە پێداگری کردەوە کە ئاژاوەگێرییەکانیان لە ناوچە پەرە پێدەدەن.


ڕۆژی هەینی رێکەوتی ٣١ی خەرمانان، سەرکۆماری ڕیژیم لە رێوڕەسمی ڕێژەی هێزە چەکدارەکانی بەبۆنەی ساڵیادی دەسپێکی شەڕی ٨ ساڵە، جگە لە پشتیوانی دووبارە لە سیاسەتی دەستێوەردانی ناوچەیی باسی لەوە کرد کە تاران بەتەواوی مانا پشتیوانی لە حەوسییەکانی یەمەن و ڕێژیمی جینایەتکاری ئەسەد لە سوریە دەکات.

ناوبراو هەروەها باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمەکەی بۆ بەهێزکردنی زیاتری مووشەکە بالێستیکەکان کردووە و وتوویەتی: ئێمە بۆ تاقیکارییە مووشەکییەکانمان ئیزن لە کەس وەرناگرین.

ئەم قسانەی ناوبراو هاوکات بووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی هەواڵدەریی تەسنیمی سپای پاسداران کە ڕایگەیاندووە نوێترین مووشەکی بالێستیک لەلایەن سپاوە تاقی کراوەتەوە کە ناوی خۆڕەمشەهرە و مەودای ٢ هەزار کیلۆمێتر دەبڕێ.

ڕوحانی هەروەها ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئامریکا ڕایگەیاندووە: چ بتانهەوێ یان نا ئێمە حوزوری خۆمان لە وڵاتەکانی وەک یەمەن و سوریە و فلستین زیاتر دەکەین.

ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدان کە ڕۆژی سێ‌شەممەی ڕابردوو سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو: چیدیکە ئیزن نادەین کۆماری ئیسلامی لە سوریەدا تەڕاتێنی خۆی بکات؛ هەر لەم کۆڕەدا دانڵد ترامپ سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئاخاوتنێکی دوور و درێژدا لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە یاخی، هەناردەکاری تووندوتیژی و دیکتاتۆری گەندەڵ ناوزەد کرد و وتی: پێویستە پێش بەم ڕێژیمە جینایەتکارە بگرین.