کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ژینگە گاماسیاویشی گرتەوە

16:50 - 1 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: لە ناو بردنی ژینگەی کوردستان یەکێک لە هەوڵە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە کە بە شێوەیەکی فەرمی و بە بەرنامە هەوڵ دەدات بۆ لە ناو بردنی.


بەپێی دوایین هەواڵەکان لە چەند رۆژی ڕابردوودا هەواڵی کارەساتی مردنی لە ناکاوی ماسیەکانی ڕوباری گاماسیاو بڵاوکرایەوە کە هەڵوێستی خەڵکی بە دوادا بوو و بووە هۆی نیگەرانی خەڵکی ناوچەکە.

لە وڵامی بەدواداچوونی چالاکانی ژینگەپارێز بۆ هۆکارەکانی ئەم کارەساتە، بەرپرسانی ژینگەی کرماشان ئەگەری ئەوەیان لێداوە کە ڕژانی پاشماوەی کارخانەی قەندی بێستوون، هۆکاری سەرەکی لە ناو چوونی بوونەوەرەکانی ناو ڕوباری گاماسیاو بێت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری مێهر، کە وتووێژیکی لەگەڵ جەعفەر حاسڵی، سەرۆکی بەشی چاودێری بە سەر ژینگە لە ئیدارەی گشتی ژینگە پارێزی کرماشان کردووە، بە پێی لێکۆڵینەوەکان، هۆکاری سەرەکی مردنی ماسیەکانی گاماسیاو، ڕژانی پاشماوەی کارخانەی قەندی بێستوون بۆ نێو ئەم ڕووبارە بووه.

ئەمە یەکەم جار نییە کە کارەساتی لەم چەشنە بە سەر ژینگەی کوردستاندا ڕوو دەدات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران گرنگی بەم بابەتە نادەن و هیچ دژکردەوەیەکی ڕوونیان لە سەر پاراستنی ژینگەی کوردستان نەبووە و بە گشتی ژینگەی زاگرۆس بۆیان گرینگ نییە.

جەعفەر حاسڵی، لە درێژەی وتووێژەکەیدا، باسی لەوە کردووە کە ئەمە یەکەم جار نییە پاشماوەکانی کارخانەی قەندی بێستوون، بۆتە هۆی لە نێو چوونی بوونەوەرەکانی گاماسیاو و تەنانەت چەندین جار تاکوو ئێستا سكاڵا لەدژی ئەم کارخانە لە دادگای بیستوون تۆمار کراوە بەڵام هەتا ئێستا دادگا بڕیاری لە سەر ئەم کارخانەیە نەداوە.

لە نێو چوونی ڕووبارەکان و سەرچاوە ئاوییەکان لە زاگرۆس گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و تەنیا کردەوەی بەرپرسانی ڕێژیم لەم بارەوە سکاڵاکردنە و بە ئەنقەست پشت گوێ خستن و تاوانبار کردنی یەکتر؛ بێ ئەوەیکە ئاکامێکی پۆزەتیڤی هەبێت و بە گشتی ئەم کارانە سیاسەتێکی دژە مرۆڤانەی ڕێژیمی ئێرانە کە سەرەڕای بەتاڵان بردنی ئاوی کوردستان بۆ بیابانەکانی ناوەندی ئێران،لە هەوڵدایە ئەو بەشەش کە بۆی ڕاناکێشرێ، لە ناوی بەرێت.