کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی دانڵد ترامپ لە هەمبەر تاقیکردنەوەی مووشەکێکی دیکە لە لایەن ئێرانەوە

15:14 - 2 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دانڵد ترامپ لە تویتێرەکەی خۆیدا، لە هەمبەر دوایین تاقیکردنەوەی مووشەکی باڵستیک لە لایەن ئێرانەوە دژکردەوەی دەربڕی.

ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێژیمی ئێران مووشەکێکی باڵستیکی لەژێر ناوی خوڕەمشەهر تاقی کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم مووشەکە دەتوانێت ٢ هەزار کیلۆمێتر مەودا ببڕێت.

لەم پێوندییەدا دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا لە تویتێرەکەی خۆی نووسیبووی: ڕێژیمی ئێران لەم دواییانەدا مووشەکێکی باڵستیکی تاقی کردووەتەوە کە دەتوانێت مەودای نێوان ئێران و ئیسرائیل ببڕێت و هاوکاتیش لەگەڵ کوورەی باکوور کار دەکەن و هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێمەدا نەماوە.

قسەکانی ترامپ و باس لە نەمانی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئامریکا، ئاماژەیەکە بە ڕێککەوتننامەی بەرجام کە لە نێوان ئێران و پێنج وڵاتی زلهێز لە مەڕ پرسی ناوکیی ئێران واژۆ کراوە و یەک لەو وڵاتانە ئامریکایە کە لە سەردەمی سەرکۆماری ئۆباما ئەو رێککەوتنە واژۆ کراوە.

پاش ئەوەی کە دانڵد ترامپ لە نوامبری ئەمساڵ وەکوو سەرکۆماری ئامریکا هەڵبژێردرا، یەکەم هەڵویستی لە بەرانبەر ئێران ئەوە بوو، کە بەرنامەی بەرجامی بە قازانجی ئێران و زیانی خۆیان و وڵاتانی دیکە زانی، هەر بۆیە هەموو هەوڵی خۆی وەگەڕ خستووە کە یان ئەو ڕێککەوتننامەیە هەڵوەشێنێتەوە یان ئەوەی دەستکاری بنەڕەتی تێدا بکرێت.

ڕاگەیاندنەکانی نێوخۆیی ڕێژیم ڕایانگەیاند، کە مووشەکی خوڕەمشەهر مەودای ٢ هەزار کیلۆمێتر دەبڕێت، واتە دەتوانێت وڵاتی ئیسرائیل و شوێنە جیاوازەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئاسیا بپێکێت؛ هەروەها ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم لەم مووشەکە وەکوو مێردەزمەـی ئیسرائیل باسیان کردووە.

پێش ئەوەی ترامپ لە هەمبەر ئەم کارەی ڕێژیم هەڵویست بگرێت؛ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەم کارەی ئێرانی بە کارێکی دنەدەرانە لە قەڵەم دا و وتی: ئەم کارە دنەدەرانەی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی خۆ بە زلهێز پیشان دان و هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دیکە کراوە.

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا ئەم کارانە دەکات، کە بەردەوام ڕەخنە لە ئامریکا دەگرێت کە پێبەندی خاڵەکانی بەرجام نییە و هەر لەم بارەوە لە حەوتووی پێشوودا سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ هەڵخەڵەتانی ڕای گشتی لە ٧٢هەمین کۆنفڕانسی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لێدوانی داوە و خۆیان بە ملکەجی بەرجام پێناسە کرد و ئامریکاشی بە لادەر لەو بەرنامەیە لە قەڵەم دا.