کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ یادی ٢٥ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری میکۆنۆس بەڕێوە چوو

17:16 - 2 رەزبەر 2717

کورددستان میدیا: لە وڵاتی سوید سێمینارێک لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لەو وڵاته، به بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری میکۆنۆس بەڕێوە چوو.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، له شاری ئیسکلستوونا لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید سێمینارێک بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵڕۆژی شەهید کرانی دوکتور سادق شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی کە بەدەستی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بێرلینی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان تێرۆر کران، بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی سوید بەشدار بوون و لە دەستپێکدا سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب لە لایەن گرووپی سروودی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا و دواتر بۆ ڕێزنان لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان خولەکێک بە بێدەنگی ڕاوەستان.

لە بڕگەی یەکەمی سێمینارەکەدا دوو پەیام خوێندرانەوە، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید لە لایەن کاکەبرا ئەلیاسی بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە و هەروەها پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی لاوان، ژنان و ناوەندی کوردان لە لایەن مەستوورە سوڵتانیـیەوە خوێندرایەوە.

لە پەیامی کۆمیتەی گشتیدا وێڕای ئاماژە دان بە کەسایەتی سیاسی و تەشکیلاتی دوکتور شەرەفکەندی، هاوکات بەشێک لە تایبەتمەندییە بەرچاو و بەرزەکانی ئەو ڕێبەرەش یادی لێ کرایەوە، کە بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات بوونە سەرمەشق و هەوێنی خۆڕاگری و درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان قازی و قاسملوو. بۆ ئەوەش ئاماژەی کرد بۆ ڕاسانی ڕۆژهەڵات و گرێدانەوەی خەباتی شار و شاخ کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ڕاگەیەندرا و لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکراوە. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا دەربڕینی پشتیوانی لە جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مەحکوم کردنی کوشتنی کۆڵبەران بوو.

سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستانیش ڕایگەیاند، کە ئەوە ویست و ئامانجی خەباتی حیزبەکەمان و بەتایبەتی شەهید دوکتور شەرەفکەندی بوو و ئێمەش پشتیوانی لێ دەکەین.

لە کۆتایی پەیامەکەشدا ئەلیاسی جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی تێرۆری میکۆنۆس شەرمەزار کرد و ڕوو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش داوای کرد، کە ڕێژیمی ئێران وەلا بنرێت و ئاسایش و ئازادی و مافی مرۆڤ و دێموکراسی ببێتە بناغە لە داهاتووی ئەو کۆمەڵگا ژێردەستەیەدا.

لە پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان و کورداندا هاتبوو، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کەوتە هەڵەیەکی گەورە کە پێی وابوو بە تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و شەرەفکەندی دەتوانێ بەر بە خەباتی نەتەوایەتی و دێموکراسیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بگرێ. بەڵام لە ڕاستیدا ڕێبەرانمان بیر و ڕێبازێکیان جێ هێشتووە کە نەوە دوای نەوە بە شانازییەوە درێژەی پێ دەدەن و لە پێناویدا گیانیان بەخت دەکەن.

لە درێژەی پەیامەکەدا خاتوو سوڵتانی ئاماژەی کرد، بە دەرئەنجام و لێکەوتەکانی پڕۆسەی دادگایی کرانی تێرۆریستانی تیرۆری میکۆنۆس ئاماژەی کرد و بە بایەخەوە لە ڕۆڵی هۆشیارانە و بوێرانەی دەزگای دادوەری ئاڵمانی ڕوانی و بڕیاری دادگای میکۆنۆسی لەو بارەوە بە دەسکەوت بۆ کورد لە قەڵەم دا، کە هاوکاتیش توانی ڕووی دزێو و تێرۆریستی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە ڕیسوایی نیشان بدات.

لە بڕگەی دووەمی سێمینارەکەدا سێ باس لە لایەن هەر یەک لە دوکتور حوسێن خەلیقی، محەممەد عەلی عینایەتی و سەید ئەحمەد حوسێنیـیەوە پێشکەش کران.

سەرەتا دوکتور خەلیقی هاوسەنگەر و هاوڕێی دوکتور شەرەفکەندی لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە شیکردنەوەیەکی لەسەر کەسایەتی و بەشێک لەو تایبەتمەندییانەی کە کەسایەتی شەهید دوکتور شەرەفکەندییان پێک هێنابوو، پێشکەش کرد. هاوکات وێڕای ئاوڕدانەوە لە ئەزموونی هاوڕێیەتیان چ لە قۆناغی پێش لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و چ لە ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، هەڵوەستەیەکی کرد لەسەر باوەڕی قووڵی شەرەفکەندی بە خەباتی نەتەوایەتی و ئاماژەی بە هەڵویستی ناوبراو کرد کە لە بەرزترین ئاستی زانستی و لە پیشکەوتووترین وڵاتانی جیهانەوە بۆ تیکۆشان لە پێناو نەتەوەکەیدا دێتەوە شاخەکانی کوردستان و لەو ڕێبازەشدا خۆی بەخت دەکات. هەربۆیە بە لای منەوە گەورەترین کەسە و بڕیار و هەڵویستەکەشی بە پیرۆز دەزانم و جێی شانازییە. خەلیقی لە درێژەدا باسی لە لێهاتوویی ناوبراو لە بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی حیزبەکەیدا کرد و بە ڕێبەرێکی جیددی و پێداگر و بەرپرسی پێناسە کرد. لە لایەکی دیکەوە پێی وابوو کە ئەوەندە ئیرادەیەکی بەهێزی هەبوو کە توانی بە ئاراستە جیاوازەکان ئاڵووگۆڕی ئەرێنی هەم لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی خۆی بە دەورووبەرەوە پێک بێنێ و هەم مامەڵە کردنیشی لەگەڵ دەورووبەردا زیاتر بگونجێنێ و ئەوەش دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوو زۆر بە ڕوونی پێوە دیار بوو، هەر بۆیەش بە زوویی توانی جێگەی ئەومان بۆ پڕ بکاتەوە کە من دەتوانم وەک مامۆستای گۆڕانگاری ناوی لێ بنێم.

لە کۆتایی قسەکانیدا بە ئاماژە بۆ وتەیەکی شەهید دوکتور شەرەفکەندی وتی کە دەبێ: ئێمەش وەک ئەو شەیدای کوردستان بین و خۆنەویستانە بۆ ئازادی و مافەکانمان تێبکۆشین بۆ ئەوەی ڕۆحی ئەوان شاد بکەین و ئاوات و ئامانجەکانیان بێنینە دی.

دوای ئەوە محەممەد عەلی عینایەتی لە سێ تەوەردا باسەکەی پێشکەش کرد.

تەوەری یەکەم ئاماژەیەک بوو بە چۆنیەتی ئەنجامدانی تێرۆری میکۆنۆس لە لایەن تێرۆریستانی سەر بە ئێران و نیشاندانی ئەو ڕاستییەی کە سەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرنامە و پلانی پێشوەختەیان لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی خۆیان داڕشتووە تا زیان بە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەیەنن و ڕێبەرەکەی تێرۆر بکەن. لە تەوەری دووەمدا باسی لە کاریگەرییەکانی بڕیاری دادگای میکۆنۆس کرد لەسەر ئێران و ئاماژەی کرد بە پەراوێز کەوتنی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بە بۆچوونی عینایەتی سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕێفۆرمیستی و هاتنەسەر کاری محەممەد خاتەمیش یەکێک لەو سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی بوو کە ویستی لەو ڕێگەیەوە ڕوویەکی دیکە لە خۆی نیشان بدات کەچی نە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و نە زیندانی و نە ئێعدام کەم نەبوونەوە، بەڵکوو سپای پاسداران هەموو جومگە سەربازی و ئەمنییەتی و ئابوورییەکانی خستە ژێر کونتڕۆڵی خۆیەوە و لە ڕاستیشدا چاوپۆشی وڵاتانی زلهێز لەو بارەیەوە دەستی ئێرانی بۆ زێدەڕۆێی و سەرەڕۆیی زیاتر کراوەتر هێشتەوە.

لە تەوەری سێهەمیشدا لەسەر کەسایەتی نەمر د. شەرەفکەندی دوا و جەختی کردە سەر نەتەوەیی بوون و کوردستانیانە بیرکردنەوەی ناوبراو. بۆ ئەمەش ئاماژەی دا بە هەوڵەکانی دوکتور شەرەفکەندی بۆ سەرخستنی بەرەی کوردستانی لە باشووری کوردستان و پشتیوانی بێ‌کۆتایی لەو بەرەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی کرد بۆ تایبەتمەندییە بەرزەکانی بەتایبەتی لە بواری تەشکیلات و سیاسەتداڕێژی و سەربەخۆیی سیاسییدا.

پاشان دوایین کۆڕگێڕ بەڕیز سەید ئەحمەد حوسێنی، بە کورتی خوێندنەوەی بۆ گوتارێکی دوکتور شەرەفکەندی کرد و بە بەراورد بە گوتارێکی دوکتور قاسملوو گەیشتە ئەو ئاکامەی کە هەردووکیان جگە لەوەی خوڵقێنەری بیر و گوتار بوون، لە هەمان کاتدا ڕێبەری شێلگیر و خاوەن ئیرادە و سەربەخۆ بوون کە ئامادە نەبوون ئەو ڕێباز و ستراتیژەی لە خەباتدا گرتوویانەتە بەر، لەمپەری بۆ دابنرێ. هەر چەندە پێی وابوو کە هەردووکیان لە ئاستی کوردستانی گەورەشدا ئامادەی پشتیوانی و هاوکاری هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان بوون، بەڵام هەرگیز خەباتەکەی خۆیان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان نەخستە پەراوێزە.

شایەنی باسە هەرسێ کۆڕگێر لەسەر پرسی ڕێفراندۆم هاوهەڵویست بوون و وێڕای پشتیوانیان لە مافی چارەی خۆنووسین پێیان وابوو کە هەڵوەشاندنەوە یان وەدوا خستنی ئەو پرسە زیان بە شکۆی سەرکردایەتی سیاسی کورد و ئیرادەی تاکی کورد دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و پێداگری لەسەر سەربەخۆیی بکرێت.

چەندین پەیام بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵوەگەڕی تیرۆرکرانی شەهید د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی گەیشتنە دەستی بەڕێوەبەرانی سێمینارەکە کە بریتی بوون لە:

ـ پەیامی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ پەیامی حیزبی شیوعی کوردستان
ـ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران
ـ پەیامی پارتی سۆسیالیستی کوردستان- باکوور
ـ پەیامی نوێنەری لیبڕاڵەکانی سوید
ـ پەیامی بزووتنەوەی گۆڕان
ـ پەیامی کۆمەڵەی کولتووری کوردی لە شاری ئیسکلستوونا