کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆنسار شاری کرماشانی گرتەبەر و چەندین کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کردووە

20:57 - 2 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بە هۆی ناکارامەیی بەرپرسانی پارێزگای کرماشان، بۆنسار لە کرماشان سروشت و ژینگەی گرتووتە بەر و خەڵکی ئەم شارە بە ئەستەم هەناسە دەکێشن.

بەپێی هەواڵدرییە نێوخۆییەکان، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بۆنێکی ناخۆش چەندین گەڕەکی کرماشانی گرتووەتە بەر و ئاسایش و ئارامشی هاووڵاتییانی کرماشانی تێکداوە و ٦ کەسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کردووە.

ئەم بارۆدۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە کەشی نائاسایی ڕابگەێندرێ و کۆبوونەوەیەکی کتوپڕ لە پارێزگاری کرماشان لە سەر بڵاو بوونی ئەم بۆنە بگێردرێت.

بە وتەی ڕازانی پارێزگاری کرماشان، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم بۆنە لە ئاوەڕۆی شار و ڕووبارەکانی ئاوشۆران و قەرەسوو یان بۆنی پاڵاوگەی نەوت و گازی کرماشان بێت، کە کارناسان خەریکی لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەم بۆنەن.

نزیک بە چەند ساڵە کە ئەم بۆنە ناخۆشە، لە ساڵدا چەندین جار بەشێکی بەرفراوانی ئەم شارە دەگرێتە بەر و ئارامشی هاووڵاتییانی کرماشانیی تێک دەدات و هەتا ئێستە بەرپرسانی ئەم شارە نەیانتوانیوە ئەم کێشە چارەسەر بکەن.

ئەم بۆنە کە لە بۆنی گاز دەچێت، لە گەڕەکەکانی: سادقیە، بازرگانی، فێردوسی، کەسرا، جەوانشیر و نەوبەهار هەست کراوە و دانیشتوانی ئەم گەڕەکانەی تووشی نیگەرانی کردووە.

هەروەها جێگەی ئاماژەیە کە لە ساڵی ڕابردوودا، بە بەردەوامی لە گەڕەکەکانی فەرهەنگیان، کاویانی، چیاکۆ و دەوروبەری ئوستانداری ئەم بۆنسارە هەست پێکراوە.

شەوی شەممە زۆرتر لە ٥٠ کەس لە هەمبەر بنکەی ئاگرکوژێنەوەی کرماشان کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ئەم کێشەیە دەربڕیوە و داخوازی چارەسەر کردنی هەرچی زووتری ئەم بۆنسارەیان کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەم بۆنسارە، بۆنی گازی سروشتی بێت، بەڵام بەرپرسی شیرکەتی گازی کرماشان ڕایگەیاندووە: کە بۆنی گازی سروشتی نییە و ئەگەر شتیک وا هەبێت، سنسوورەکانی شیرکەتی گاز نیشانی دەدەن.

هەروەها بەرپرسی ژینگەی کرماشان، ئەم بۆنە بە هی شیرکەتی گەڕانەوەی زبڵەکانی کرماشان دەزانێ، بەڵام بەرپرسی شیرکەتی گەڕانەوە زبڵەکان رەتی دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە، کە ئەم بۆنە لە ئاوەڕۆ و ڕووباری قەرەسووی کرماشانە.

لە وڵامی ئەم بابەتەش بەرپرسی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی کرماشان ڕایگەیاندووە، کە تەنیا بۆنێک کە لە کەمەربەندی ڕۆژهەڵاتی کرماشان بڵاو دەبێتەوە سەرچاوەی ئاوەرۆیە.

لەم بارەوە هیچ دامەزراوە و شیرکەتێک ئەم کێشەیە بە ئەستۆ ناگرێت و هیچیان هەوڵ نادەن بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە کە هەناسەی لە خەڵکی کرماشان بڕیوە.