کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی سپای پاسداران دیسان قوربانی لێکەوتەوە

14:36 - 3 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: جارێکی دیکە چەند چەکدارێکی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بەهۆی مانۆڕی سەربازییەوە کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ پاش ئەوەیکە چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسداران لە ناوچەی کێلەشینی شنۆ مانۆڕێکی سەربازییان بەڕێوەبرد، لەکاتی بەروڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمنی فەڕزی ٧ پاسداری سەر بە گۆردانی ٢١ی لەشکری عاشورای تەورێز کوژران و بریندار بوون.

تا ئێستا شوناسی ئەم کەسانە ڕوون نەبۆتەوە بەڵام بەپێی هەواڵەکان لەم ڕێژەیە ٦ کەسیان بریندار بوون و کەسێکیان کوژراوە.

لەم مانۆڕەدا چەندین بەرپرسی باڵای سپا لەوانەش محەمەد پاکپور و حسەین سەلامی بەشدار بوون و بۆ جارێکی دیکەش بەچاوی خۆیان ئەوپەڕی لاوازی چەکدارەکانیان بینی.

ماوەیەک پێش ئێستاش ڕێکەوتی ٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران بەناوی تەیموور هودهودی لە کاتی بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی لە گوندەکانی کاشتر و تەنگیوەر سەر بە شاری کامیاران بە هۆی تەقینەوەی نارنجەکێک بریندار بوو و پاش نزیکەی ٢٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە پاسدار حەمید حاجی‌زادە، فەرماندەی هەوافەزایی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بە ناوی بێ‌تەعاروف ڕایگەیاند: من لە جیهاندا ئەرتەشێک نابینم کە هاوتەریبی سپای پاسداران بێت و ئامریکاییەکانیش ئەوەی دەزانن، بۆیە بەرپرسانی ئامریکایی و ئیسرایلی دەبێ بزانن، کە ناتوانن گاڵتە بە سپا بکەن.

ئەو ئیددعای ئەو پاسدارە، لە حاڵێک دایە کە ناوەندی شێکردنەوەی گڵۆباڵ فایر پاور کە ناوەندێکی شیکردنەوەی کاروباری نیزامی لە جیهان دایە، لە مانگی ژووئنی ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، کە ئامریکا لە نێو ئەرتەشی وڵاتاندا پلەی یەکەمی هەیە و دوای ئەوان ئەرتەشی وڵاتانی چین و ڕووسیە لە پلەکانی دووهەم و سێهەم دان، لەو نێوەدا باسێک لە سپای ئێران بە پلەی یەکەم نەکراوە و نێوی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕیزی ٢١کەمین دایە.