کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن لە چەواشەکردنی ڕێفراندۆمی کوردستان

15:17 - 3 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: زۆربەی هەرەزۆری ڕۆژنامەکانی ئەمڕۆی ئێران، بەخەستی هێرشیان کردە سەر پڕۆسەی رێفراندۆم و گشت‌پرسی لە کوردستانی باشوور و هەوڵی بەنایاسایی لەقەڵەم‌دانی دەدەن.

ڕۆژنامەی جوان لە ڕاپۆرتێکدا لەژێرناوی ئاژاوەی هەرێم لەژێر دارەمەیتی داعش هەوڵی بەستنەوەی ڕیفراندۆمی کوردستان بە دەوڵەتی ئیسرائیل و ئامریکا دەدات و دەنووسێ: لە حاڵێکدا هێشتا تەرمی داعش لە موسڵ نەخراوەتە چاڵ، مێزۆپۆتامیا بە دنەدانی ئیسرائیل و ئامریکا ئاوسە بە ئاژاوەیەکی نوێ؛ ئاژاوەیەک لە ڕەنگی نەتەوە! تاکوو کۆڵەکەکانی سەربەخۆیی وڵاتێک تێک‌بدات.

ڕۆژنامەی جمهوری اسلامیش لە مانشێتی سەرەکی خۆیدا باسی لە جموجۆڵە سەربازییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سپا لە سنوورەکانی کوردستان کردووە و ئەمەی وەک یەکەمین دژکردەوەکان بە پرسی ڕێفراندۆم ناو بردووە؛ هەروەها بۆ بچووک‌پیشاندانی پرسی نەتەوەیی ڕێفراندۆم هەوڵی داوە کە وەها نیشان بدات گشت‌پرسی تەنیا لەلایەن یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت و پیوەندی بە هەموو گەلی کوردەوە نییە.

هەر لەمبارەوە ڕۆژنامەی خۆراسان قسەیەکی هەڵبەستراوی چاپ کردووە و نووسیویەتی: هەرێمی کوردستان چاوی بڕیوەتە پشتیوانییەکانی ئیسرائیل.

ڕۆژنامەی کیهانی نیزیک لە باڵی خامنەییش بە ناوزەدکردنی گشت‌پرسی هەرێم بە قومار هەوڵی سووک پیشاندانی ئەم پڕۆسە دێموکراتیکەی داوە و بە هەڕەشەوە باسی لە ئەنجامەکانی کردووە.

ڕۆژنامەی همدلی ڕۆژی ڕیفراندۆمی بە ڕۆژی قەیران لە هەرێمدا شوبهاندووە و بە نیگەرانییەوە باسی لە نائەمن‌بوونی سنوورەکان لەدوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کردووە.

بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە گوتارانە لە نێو دەزگا میدیاییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بەهۆی ناخی دژە کورد و دژە ئازادی سەرانی ڕێژیم دوور لە چاوەڕوانی نەبوون و پێش‌بینیش دەکرێ لەپاش بەرێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی ڕەوتی ئاژاوەگێڕییەکان لە باشوری کوردستان زیاتر و زەقتر ببنەوە.

پێویست بە ئاماژەیە کە مەسەلەی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە باشوور لەلایەن گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانیش پێشوازییەکی بێ‌وێنەی لێکراوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی کوردپەروەر و دڵسۆزی کوردستانی رۆژهەڵات بە ئەنجامدانی چەندین جۆر چالاکی تەبلیغی لەوانەش بڵاوکردنەوە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، نەخشاندنی دیوارەکان بە ئاڵای کوردستان، نووسینی درووشمی پێوەندیدار بە سەربەخۆیی و ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان پشتگیری خۆیان لەم پڕۆسە گرینگە مێژووییە دەربڕی.