کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری سەقز جێژن و شاییە

16:50 - 3 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستان بەتامەزرۆییەوە خۆیان بۆ جێژن و شایی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم ئامادە کردووە.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ پاش چەندین ڕۆژ کە خەڵکی شاری سەقز هاوشێوەی شارەکانی دیکەی کوردستان لە شوێنە گشتیەکان و لە کۆبوونەوە چەند کەسییەکاندا شرۆڤە و باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی باشوریان دەکرد و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی ئەمڕۆیان دەکرد ، ئەمڕۆ بە پۆشینی جل وبەرگی کوردی هاتونەتە ناوبازاڕ و شەقامەکانی ناو شارەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو، لە پاساژەکانی مەولەوی ، مورادوەیسی ، ئەرجومەند ، کوردستان ، پوریا کە شوێنی کاسبی پارچە فرۆش و پوشاک فرۆش و ڕوسەری فرۆشەکانە ، دوکانداران و کڕیاران بە جل وبەرگی کوردی هاتونەتە شوێنی کارەکانیان و هاوشێوەی ڕۆژانی جەژن ، بەدەنگی بڵیند و ڕەسا پیرۆزبایی لە یەکترین دەکەن.

خەڵک بە هیوا و ئومێدێکی نیشتمان پەروەرانەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی بەڕێوە چوونی گشتپرسی دەکەن و نوێترین هەواڵەکان بۆ یەکتری دەگێڕنەوە.

هەروەها لاوانی دەروەست و شۆرشگێڕی کوردستان لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان بە لەبەرکردنی جل‌وبەرگی کوردی و بڵاوکردنەوەی دەنگی گۆرانی شاد و سروودی شۆڕشگێڕی و گەڕان لە نێو شەقام و کۆڵانەکان فەزایەکی تایبەتیان بە شارەکان بەخشیوە.