کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوەچوو

16:59 - 3 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان چالاکیی تەبلیغاتیی بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵكی تێکۆشەری کوردستان بۆ پشتیوانیی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە شار و گوندەکانی کوردستان چالاکیی پێوەندیدار بەو ڕۆژەوە بەڕێوە دەبەن.

لەو پێوەندییەدا له شاری شنۆ وگونده کانی خاڵتاوێ، قروشاوێ، نەرزیوێ چالاکیی تەبلیغی بۆ دەوڵەتی کوردیان بەڕێوە بردووە.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری سەقز لە کوچە، کۆڵان و گەڕەکانی ئەو شارە بە مەبەستی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بانه بە بۆنەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە شوێنەکانی وەک: \'\'شارەکی نوور، شارەکی جیهاد، کەمەربەندیی ١و٢، میدیای شوڕا، تێرمیناڵی ئارمەردە، تێرمیناڵی سەردەشت، سێ‌ڕای هەمزاوا و مەیدانی ئازادی چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردپەروەر و دڵسۆزی کوردستانی رۆژهەڵات بە ئەنجامدانی چەندین جۆر چالاکی تەبلیغی لەوانەش بڵاوکردنەوە و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، نەخشاندنی دیوارەکان بە ئاڵای کوردستان، نووسینی درووشمی پێوەندیدار بە سەربەخۆیی و ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان پشتگیری خۆیان لەم پڕۆسە گرینگە مێژووییە دەربڕی.

هەنووکە باس و خواستی سەرەکی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بریتییە لە پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی.