کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک لە وڵاتی فینلەند بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنوس بەڕێوەچوو

17:02 - 3 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێمـوکرات لە وڵاتی فینلەند بە بۆنەی ٢٥ ساڵەی شەهید کرانی د.سەعید و هاوڕێیانی سێمینارێکیان لە ژێرناوی کورد، قوربانی تێرۆریزم: ئەزموونی دوێنێ، رەوشی ئەمڕۆ و ئاسۆی دواڕۆژ بەرێوەبرد.

سێمیناری کورد، قوربانی تیرۆریزم: ئەزموونی دوێنی، رەوشی ئەمرۆ و ئاسۆی دوارۆژ بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکانی کوردستانی لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١ی خەرمانان بەبۆنەی بیست و پێنجەمین ساڵڤەگەری کارەساتی میکۆنۆس لە وڵاتی فینلەند بەڕێوەچوو.

ئەم سێمینارە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، بە دوای ئەودا پانێلەکە لە لایەن کاک خالد مەهابادی کادری لەمێژینەی حیزب بە کورتەباسێک لە سەر رووداوی میکۆنۆس و شوێندانەری ئەو لەسەر بزاڤی نەتەوایەتی کورد و پێویستی خۆگونجان لە گەڵ سەردەم و بەرێوەبردنی راسان لە رۆژهەڵات، کرایەوە.

لە بەشی یەکەمی پانێلەکە وتاری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند لەلایەن مەحموود فەتاحی بەرپرسی پێوەندیەکانی کوردستانی کۆمیتەی حیزب لە فینلاند پێشكەش کرا. لە بەشێکی لە وتارەکەیدا بەرێز فەتاحی وتی: دوژمنانی کورد، کە بینیان تیرۆری قاسملوو نەیتوانی پێشی رەوتی گەشەکردنی خەباتی رزگاری خوازانەی خەڵکی کورد بگرێت و بزاڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان شێلگیرانەتر لە جاران وەفادار بە رێبازی رێبەری شەهیدیان پەرە دەستێنێت، ئەوجارە دەستیان بە پیلانی تێرۆری جێنشینی دوکتۆر قاسملوو دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی. شەرەفکەندیەک کە لەماوەیەکی کورت دا هەستی بێ قاسملوویی بە سەر حیزبی دێموکرات کەم کردبووە و هەستی باوەڕ بەخۆبوون و بەهێزبوونی ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناو تاک تاکی ئەندامانی حیزبی دێموکرات و لاوانی کوردستان بەهێز دەبوو. لە وتاری کۆمیتەی حیزب وێڕای ئاوڕدانەوە لە تێکۆشان و ڕۆڵی شەرەفکەندی لە سەر کۆکردنەوەی هێزی نەتەوایەتی و سەرانسەری ئێران لە دەوری یەکتر دا هاتبوو: دکتۆر شەرەفکەندی لەو بڕوایەدابوو کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەهێزی ئەو ڕێژێمە نیە بەڵکوو بەهۆی پڕشوبڵاوی و لاوازی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنە. بۆیە هەوڵێکی لەبڕاننەهاتووی دەدا بۆ یەکگرتنی ڕیزەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وێک خستنی تواناکانی ناو بزاڤ و لەو ڕێگایەشدا پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی سەرانسەری لە گەڵ هێزەکانی دێموکراسی خوازی ئێران. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە خەونی ڕێبەرانی خۆمان لە پێناو گەشەکردنی یەکگرتوویی نەتەوایەتی و وێکگەیشتنی نیشتیمانی بەجێ بگەیەنین و ڕۆحیان بە خەباتی خۆمان شاد کەین.

بە دوای وتاری کۆمیتە پەیامی هەریەک لە پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی نشتیمانی کوردستان ، فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان وکۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن نوێنەرانی ئەو رێکخراوانەوە پێشكەش کرا.

بەشی دووەمی پانێلەکە بۆ بەڕێزان مریەم عەلیپوور، عەزیز شێخانی و مەجید حەقی تەرخان کرابوو. لەو بەشەدا هەرکام لە بەشدارانی پانێلەکە وێڕای پێشکەشکردنی کورتەباسێک لە سەر کەسایەتی دکتۆر سەعید و رۆڵی ئەو لە ڕێبەری حیزب وەڵامی پرسیاری بەشدارانی سێمینارەکە دایەوە. لە پانێلەکەدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە سەر ڕابردووی حیزبی دێموکرات و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات لە پێوەندی لە گەڵ ئەرکی نەوەی ئێستا و ڕێکخراوەکانی حیزبی بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات و پێویستی بەهێزکردنی پێوەندیەکانی نێوان کۆمەڵگای کورد لە دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی و چالاکتر کردنی ڕاسان گفتگۆ کرا.

وتاری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند بەبۆنەی ٢٥مین ساڵڤەگەری تاوانی میکۆنۆس

خوشک و برایانی خۆشەویست
میوانانی بەڕێز
نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی سیاسی و مەدەنی
هاوڕێیانی تێکۆشەر


بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر واتە سێ ساڵ دوای تیرۆری ناجوامێرانەی دکتۆر قاسملوو، پێغەمبەری ئاشتی، تێرۆریستانی ڕێژێمی ئێران ئەوجارە لە بەرلینی پایتەختی ئاڵمان دوای کۆتایی هاتنی کۆنگرەی سۆسیالیست ئەنترناسیۆنال هێرش دەکەنە سەر ڕێبەری حیزبی دێموکرات و جێنشینی بەوەجی ڕێبەری زانامان دکتۆر سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب له دەرەوه، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حیزب له ئاڵمان و نووری دێهکوردی دۆستی کوردی لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا شەهیدیان دەکەن.

دوژمنانی کورد، کە بینیان تێرۆری قاسملوو نەیتوانی پێشی ڕەوتی گەشەکردنی خەباتی رزگاری خوازانەی خەڵکی کورد بگرێت و بزاڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان شێلگیرانەتر لە جاران وەفادار بە رێبازی ڕێبەری شەهیدیان پەرە دەستێنێت، ئەوجارە دەستیان بە پیلانی تێرۆری جێنشینی دوکتۆر قاسملوو دوکتۆر سەعید شەرەفکەندی کرد. شەرەفکەندیەک کە لەماوەیەکی کورت دا هەستی بێ قاسملوویی بە سەر حیزبی دیموکرات کەم کردبووە و هەستی باوەڕ بەخۆبوون و بەهێزبوونی ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناو تاک تاکی ئەندامانی حیزبی دیموکرات و لاوانی کوردستان بەهێز دەکرد.

گەرچی جینایەتی میکۆنۆس برینێکی بەژان بوو بە جەستەی بزاڤی نەتەوایەتی کوردستان و حیزبی دێموکرات بەتایبەتی، بەڵام لە ئەنجامی دادگای ناسراو بە میکۆنۆس دا ئەو کردەوەیە ڕسواییەکی مێژوویی بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی تۆمار کرد و نیشانیدا کە بزاڤی نەتەوایەتی و ڕێبەرانی کورد گەورەترین قوربانیانی تیرۆری دەوڵەتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانن.

ئێمە لەکاتێکدا ٢٥مین ساڵڤەگەڕی تیرۆری ڕێبەری شەهیدمان دەگرین، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی هەلومەرجێکی هەستیار تێپەڕ دەکات. سەدساڵ دوای دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆی پەیمانی شوومی سایکسپیکۆ پارچە پارچە کردنی کوردستان، ئەمرۆ بزاڤی نەتەوایەتی کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بەهێزە و لە باشووری کوردستان بەرەو لووتکەی ئاواتەکانی نەتەوەی کورد نزیک دەبێتەوە. ڕێفراندۆمی ٢٥ی سێپتامبری ئەمساڵ ئاکامی خەبات،فیداکاری و ڤیزیۆنی ڕێبەرانی شەهید و قارەمانانی ئەفسانەخولقێنی کورد و کوردستانە. دکتۆر سادق شەرەفکەندی شەهید لەو تاقانە ڕێبەرانە بوو کە لەسەرەتای قۆناغی ڕاپەرینی باشوور بە هەموو شێوەیەک پشتیوان و یارمەتیدەری ڕاپەرینی باشووری کوردستان بوو و حیزبی ژێر ڕێبەری ئەو ڕێبەرە بلیمەتە بەشداری ڕزگاریی کوردستان لە ژێر چەپۆکی ڕێژێمی داگیرکاری سەددام بوو. ئەم بەها نەتەوایەتی و نشتیمانیانە ئەمڕۆش وەک بایەخی نەتەوایەتی و نشتیمانی حیزبەکەمان دەبیندرێت و بۆیە حیزبی دیموکرات و هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی یەکگرتوو پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و لەو پێوەندیەدا ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان ئەرکدار کردووە بۆ بەشداری لە چالاکیەکانی پشتیوانی لە پرۆسەی ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان. چونکە لەلای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کوردستان یەک نیشتیمان و نەتەوەی کورد یەک نەتەوەیە و بەشداری لە ڕزگاری هەربەشێک لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیەکانی سیاسی و پێویستیەکانی ئەو بەشانە ئەرکێکی نەتەوایەتی و مرۆڤدۆستانەیە.

خوشک و برایانی خۆشەویست

٢٥ ساڵ دوای تێرۆری دکتۆر شەڕەفکەندی نەوەیەکی نوێ لە کوردستان گەشەی کردووە، نەوەیەکی پەروەردەکراو، چالاک و ئاگادار بە مافی خۆی.

دکتۆر شەرەفکەندی دەیفەرموو: با هەموومان بەشی خۆمان لە خەباتدا بەشداریی بکەین. ئەمرۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەرکەس بە وتەی ڕێبەری شەهیدمان بە پێی توانای خۆی و بەشی خۆی بەشداری لە خەبات دەکات. بوونی ئەو هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و چالاکەکانی ناو کوردستاندا پانتایی خەباتی نەتەوایەتیان بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا قووڵ کردۆتەوە و کوردستانیان کردۆتە سیاسیترین و مافخوازترین بەشەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا.

دکتۆر شەرەفکەندی لەو بڕوایەدابوو کە خەبات لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆی وڵات دوو باڵی باڵندەیەکن کە تەواوکەری یەکترن. ئەمرۆ بە بوونی دیاسپۆرایەکی بەهێز و چالاکی کورد لە دەرەوەی وڵات، دەتوانێت تەواوکەری ئەو ئاسۆبینیەی دکتۆر شەرەفکەندی بێت. ئێمە لە دەرەوەی وڵات ئەرکدارین بە خۆتەتارکردن، خۆ پەروەردەکردن، گەشەکردن و بەرەو پێشچوون. یەکێک لە بایەخەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە دەرەوەی وڵات بەرفراوان کردنی نفووز و دۆستایەتی لە گەڵ نەتەوە و هێزە پێشکەوتنخواز و ئاشتیخوازەکان، بەهێزکردنی کۆمەڵگای کوردستانی و پاراستنی هەستی نەتەوایەتی لە ناو نەوەی داهاتوودا. بەجێ گەیاندن و پەرەپێدانی ئەو بایەخانە لە ڕاستیدا کارکردن لە پێناو ئەو ئاسۆیەیە کە ڕێبەرانی بلیمەتمان بۆ ئێمە وێنایان کردووە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ کە قۆناغی ڕاسانەوە تێپەڕدەکات، لەکاتێکدا یادی ٢٥مین ساڵڤەگەری تێرۆری میکۆنۆس دەکاتەوە، کە حیزبەکەی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی هەروا جێگای هیوای خەباتکاران و شۆرشگێڕانی کوردستان و مەکۆی هیوای کچان و کوڕانی نیشتیمانە. هەرچۆنێک دکتۆر شەرەفکەندی باوەڕی بە خەباتی هاوبەشی نەتەوایەتی و بەرەوپێشبردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی هەبوو، ئەمڕۆ ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە گۆڕەپانی بەرەوپێش چوونی خەباتی یەکسانی خوازانە و ڕزگاری خوازی نەتەوایەتی و لاوانی کوردستان پێشڕەوی بەرەوپێش چوونی ئەو خەباتە پیرۆزەن.

دکتۆر شەرەفکەندی لەو بڕوایەدابوو کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی بەهۆی بەهێزی ئەو ڕێژێمە نیە بەڵکوو بەهۆی پڕشوبڵاوی و لاوازی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنە. بۆیە هەوڵێکی لەبڕاننەهاتووی دەدا بۆ یەکگرتنی ڕیزەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وێک خستنی تواناکانی ناو بزاڤ و لەو ڕێگایەشدا پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی سەرانسەری لە گەڵ هێزەکانی دێموکراسی خوازی ئێران. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە خەونی ڕێبەرانی خۆمان لە پێناو گەشەکردنی یەکگرتوویی نەتەوایەتی و وێکگەیشتنی نیشتیمانی بەجێ بگەیەنین و ڕۆحیان بە خەباتی خۆمان شاد کەین.

لە ٢٥ساڵەی یادی شەهیدانی نەمر دوکتور سەعید و کاک فەتاح عەبدولی و کاک هومایوون ئەردەڵاندا، وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێباز و باوەڕەکانیان خۆمان ئەرکدار دەزانین بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین بگەینە ئەو ئاستەی ڕێبەرانی شەهیدمان چاوەڕوانیان لە ئێمە ڕێبوارانیان هەبوو بۆ ئەوەی هەم ڕۆحی شەهیدانمان شاد کەین و هەم وەدیهێنەری ئاواتەکانیان بین یا خود وەک ئەوان سەربەرزانە لە پێناو ئازادی و سەربەرزی دا گیانی خۆمان فیدای نیشتیمان، ئازادی، کەڕامەتی مرۆڤی و سەربەخۆیی بکەین.

سڵاو بۆ شەهیدانی کوردو کوردستان
سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕزگاری خوازانە و نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان


حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی فینلاند ٢٠١٧/٠٩/٢٣