کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیم بوونە بڵقی سەر ئاو

22:35 - 3 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەوڵیان دا بە تێخزاندنی هێزی سەربازی و تانک خەڵک لە خۆشییەکانی ڕێفراندۆم دوور بخەنەوە، خەڵک بە بەشداری بێ‌وێنەیان وەڵامێکی تووندیان بە ڕێژیم دایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشە و هەوڵدان بۆ ترساندنی لاوانی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن هێزە دژیغگەلییەکانەوە لاوانی خوێنگەرمی کوردستان هەوڵەکانی ڕێژیمیان کردە بڵقی سەر ئاو و وێڕای لەبەرکردنی جل‌وبەرگی ڕازاوەی کوردی و پیرۆزبایی کردن لە یەکتر شیرینی و نوقڵیان لە نێو خەڵکدا بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵەکان خەڵک لە شاری بانە بە ڕێکخستنی گۆڤەند و شایی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کەشێکی پر لە خۆشییان خوڵقاند کە بووە هۆی سەرسووڕمانی هێزەکانی ڕێژیم.

هەروەها لە شاری سەقز لاوان بە بڵاوکردنەوە نوقڵ و شیرینی و بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی و گۆرانی شاد و ڕەسەنی کوردی لە نێو شەقامەکاندا و لە نێو پارکی شار کەشێکی لەبیرنەکراوەیان بەم شارە بەخشی.

لە شاری مەریوانیش خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەم شارە بە ڕژانە سەر شەقامەکان و وتنی سروودی نیشتمانی وەڵامی ناردنی تانک و تۆپەکانی ریژیمیان بۆ ئەم شارە دایەوە.

مەیدان ئێقباڵی شاری سنەش ئەم ئێوارەیە شاهێدی حەماسەیەکی لەبیر نەکراوی لاوانی شۆرشگێڕی کورد بوو کە هەموو تەقەلاکانی هێزەکانی ڕێژیمی پووچەڵ کردەوە.

بەگشتی لاوانی کورد سەلماندیان کە چەک و چۆڵ و میلیتاریزەکردن ناتوانێ ئیرادەی گەل بەچۆکدا بێنێ.