کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠٠ منداڵ لە شەقامەکانی کرماشان کار دەکەن

15:30 - 4 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: گرنگی نەدان بە بنەماکانی ئابووریی لە کوردستان و تاڵان کردنی سەرمایەکانی لە لایەن ڕێژیم ئێرانەوە، بارودۆخێکی نالەباری ئابووریی بۆ خەڵک دروست کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی جێگری بەشی کۆمەڵایەتی بێهزیستی کرماشان، ٥٠٠ منداڵ لە شەقامەکانی کرماشان، بە هۆی کێشەی ئابووری کار دەکەن.

لە گەورەشارێک وەکوو کرماشان، کە داهاتێکی سروشتی زۆری وەکوو نەوت و کانگا ژێرزەوییەکان و ڕوو زەوییەکانی هەیە و هەروەها داهاتێکی مرۆڤی زۆری لە خوێندکار و پسپۆڕی تێدایە، لە لایەن ڕێژیمی فاشیستی ئێران بۆ لەنێوبردنی ئابووری ئەم شارە لە کوردستان هەوڵ دەدرێ.

ئەم شێوە سیاسەتە نامرۆڤانە و تاڵان کردنی کوردستان وای کردووە کە سەرەڕای کێشەکانی دیکە وەکوو: هەژاری و بێکاری و.... لەگەڵ کێشەیەکی تازە وەکوو کار کردنی منداڵەکان لە سەر شەقام بەرەوڕوو ببێتەوە؛ هەر چەندە پێشتر کێشەی کاری منداڵان هەبوو، بەڵام لە کارگاکان و شیرکەتەکان کاریان دەکرد.

زۆربەی ئەم منداڵانە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی و بەشێکیان بە زۆری لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە ناچار دەکران کە لە سەر شەقامەکان، بە فرۆشتنی گوڵ و دەستماڵ کاغەزی و خاوێن کردنەوەی شووشەی ماشینەکان و.... دەبنە یارمەتیدەری ئابووریی بنەماڵەکانیان.

بەشێکی هەرە زۆری ئەم منداڵانە تەمەنیان خوارتر لە دە ساڵە و بە هۆی لاوازبوونی ئابووری بنەماڵەکانیان درێژە بە خوێندن نادەن و بەشێکیشیان هەر نەخوێندەوارن.

ئامارێکی ڕوون لە لایەن بەرپرسانی کرماشان لە بەر دەست نییە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان ژمارەی منداڵانی کار لە کرماشان لە دەوروبەری هەزاریش مەزەندە دەکەن.

ئەمە لە حاڵێک دایە، کە لە جیاتی ئەوەی کە ئەم منداڵانە سەر و سامان بدرێن، لە لایەن شارەداری هەموو ڕۆژیک ئازار دەدرێن و تەنانەت بۆ ماوەی چەند رۆژیش لە ئوردوگاکانی شارەداری دەیانهێڵنەوە و دوایی بۆ ئیدارەی بێهزیستی و لەوێش تا نزیکەی ٢٠ ڕۆژ دەمێنن بۆ سەر و سامان دان و ناسینی بنەماڵەکانیان.

بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی بێهزیستی کرماشان، لە کەمپەکانی بێهزیستی دەمێنن تا بنەماڵەکانیان بە دوایندا بێن، ئەوانەیش کە بنەماڵەیان نییە هەتا ١٨ ساڵەیی لەوێ دەمێنن.

بەرپرسانی ڕێژیم لە کرماشان بە کۆ کردن و بەخێو کردنیان کە تەنیا ڕێگەچارەیەکی کاتییە، دەتوانن بۆ دۆزینەوەی کێشەکان و چارەسەر کردنی یەکجاری ئەم پرسە، یارمەتی بنەماڵەکانیان بدەن و کارناسی کۆمەڵایەتیی بۆ ئەم کارە بەکار بێنن.