کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە شارەکانی کوردستاندا ڕەشبگیری دەکات

14:54 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی شایی و خۆشی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ڕێژیمی دۆشداماو دەستی بە ڕەشبگیری کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ کەشێکی تەواو پۆلیسی بەسەر شارەکانی کوردستاندا زاڵ بووە، بەچەشنێک کە لە زۆربەی ئەم شارانەدا هەست بە بوونی حکومەت نیزامییەکی ڕانەگەیەندراو دەکرێت.

بەپێی دوایین هەواڵەکان لە شارەکانی سەقز، بۆکان، مەهاباد، سنە و مەریوان هێزی گاردی ویژە و لیباس شەخسییەکانی سەر بە دەزگای ئیتلاعات لە نێو شەقام و کۆڵانەکاندا بلاوەیان پێکراوە و چاودێری هەڵس‌وکەوتی خەڵک دەکەن.

دوێنێ لە شاری سەقز، بەمەبەستی چاودێری کردنی خەڵک و زاڵ‌کردنی کەشی خەفەقان و پۆلیسی چەکدارانی ڕێژیم بەبەردەوامی بەنێو شار و شوێنە گشتییەکاندا خولاونەتەوە و لێپرسینەوەیان لەو هاووڵاتییانە دەکرد جل‌وبەرگی کوردییان لەبەر بووە و لەم ڕاستایەشدا چەندین هاووڵاتییان بەبێ هیچ بیانوویەک دەسبەسەر کردووە.

لەم پێوەندییەدا کاتژمێر ٥ی ئێوارەی دوێنێ کچێکی لاوی خەڵکی ئەم شارە لە بەردەم پارکی شار (مەولەوی) بەبیانووی لەبەرکردنی کەواوپانتۆڵ لەلایەن دژی‌گەلییەکانەوە دەسبەسەر کراوە؛ حاڵەتی هاوشێوە لە بەرگاراج، فەلەکەی هەڵۆ، فەلەکەی دوکتوور قاسملوو و چەندین شوێنی دیکەی شاریش بیندراوە.

هەروەها بەپێی دوایین هەواڵەکان، ڕێژیم لەم شارەدا تەکووزی تەواوی خستۆتە سەر ئەو کەسانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەبیانووی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرابوون، جارێکی دیکە گیراون؛ بەپێی ئەم هەواڵانە ئەو کەسانە کە ڕێژەیان زیاتر لە ٢٠ کەس مەزندە دەکرێ بەبێ ئاگاداری یان حوکمی دادگا لە شوێنی کارەکەیان یان لە ماڵەکانیان وێڕای بێ‌ڕیزی کردن دەسبەسەر کراون.