کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان سەردێڕی میدیاکانی جیهانه

14:57 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەڕێووەچوونی سەرکەوتووانەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لە جیهاندا تاوتوێ دەکرێت و هەڵوێستی جۆراجۆری جیهانی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەی کە ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی کوردستانی باشوور بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە هەڵویستی ئاشکرای خۆیان نواند.

لەو پێوەندییەدا، ئێلیوێت ئێنگێل، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی دەرەوەی کۆنگرێسی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بە فەرمی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پشتگیری کردووە.

ئەو یاسادانەرە ئامریکاییە باسی لەوە کردووە: ئیستا کە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کۆتایی پێهاتووە، من داوا لە هەموو لایەن و وڵاتانی ناوچەکە دەکەم بۆ بنیات نانی ماڵی بەهێز و دەوڵەتی کورد بێنە پێشەوە و ڕێگەخۆشکەر بن، چونکە دەستووری عێراق ڕۆڵی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە فەرمی ناسیوە و دەبێ حکوومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆی لەم بارەوە جێبەجێ بکات و واز لە زمانی شەڕ و هەڕەشە بێنێت.

دەوڵەتی ئیسرائیل پشتیوانیی خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەربڕیوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ژمارەیەک کەسایەتی عەرەب بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان بەرز نرخاند.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، وەک هەمیشە دژایەتی خۆیان لەگەڵ نەتەوەی کورد دەربڕیوە و لێدوانی چەواشەکارانە و هەڕەشەیان بەکار هێناوە.

لەو بارەوە، لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گوتوویەتی: لەت‌لەت کردنی ناوچەکە کاری سەیهیۆنیستەکانه.

هەروەها عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕواێژکاری خامنەیی و دیپلۆمات تێرۆریستی نێودەوڵەتیی ڕێژیم باسی لەوە کردووە: ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق نایاساییە و بایەخی نییە.

ئەو بەرپرسە تێرۆریستەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە، کە خەڵکی عێراق لە هەمبەر ئەو ڕێفراندۆمە بێدەنگ نابن.

لە لایەکی دیکەوە، دوای سەفەری هاکان تکین باڵوێزی تورکیە بۆ تاران، وەزیری بەرگریی ڕێژیم باسی لەوە کردووە: ئێمە لەگەڵ هەر کردەوەیەک کە سنوورە جوغرافیاییەکان بگۆڕێت و دابەشبوونی وڵاتانی ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە دژایەتی دەکەین.

لەو پێوەندییەدا، ئەمیر تاهیری شرۆڤەکاری کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسی لەوە کردووە، کە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە تەنیا لە ئاستی هۆشداریدا دەمێننەوە.

سەرەڕای هەڵویستی نەشیاو و دژایەتی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئامریکا لەسەر هاوکارییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێداگری کردووەتەوە.