کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئەسەد، هەوڵ دەدات لە سەر خودموختاری لەگەڵ کوردەکان وتووێژ بکات

15:33 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: لەو کاتەوە کە لە باشووری کوردستان، بڕیار لە سەر بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی درا، پرسی کورد بووەتە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی جیهان و کاریگەریی لە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان داناوە.

وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئەسەد ڕایگەیاندووە، کە دەوڵەتی ئێستەی سووریە، بۆ پێدانی مافی خودموختاری، ئامادەیە لەگەڵ کوردەکانی رۆژئاوا لە چوارچێوەی سووریە وتووێژ بکات.

لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەو کاتەوە کە گرووپی تێرۆریستیی داعش هێرشی کردە سەر سووریە، کوردەکان بە بەرگریی کردن لەو بەشە لە کوردستان، توانیان ئیدارەی ئەو بەشە لە سووریە بە دەستەوە بگرن و بە سەربەخۆیی نزیک ببنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدریی سانا سەر بە ڕێژیمی ئەسەد، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی سپتامبری ٢٠١٧، وەلید موعەلیم، لە وتووێژیکدا لەگەڵ کاناڵی تەلفزیۆنی ئار-تی ڕووسیە وتوویە: ئەگەری ئەوە هەیە کە دەوڵەتەکەی دوای تەواو بوونی شەڕی داعش، لەگەڵ کوردەکان لەسەر داخوازییەکانیان وتووێژ بکات.

وەلید موعەلیم دوای بەرێوەچوونی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان وتوویەتی کوردەکانی سووریەش دەیانەوێ لە چوارچێوی وڵاتی سووریە خودموختاری بە دەست بیهێنن، کە ئەم پرسە بە وتووێژ چارەسەر دەبێت و لەسەر ڕێگەچارەیەک لەگەڵ کوردەکان دەتوانین لێک تێبگەین.

حیزبی یەکیەتی دێموکراتیکی کوردەکانی سووریە، وەکوو سەرەکیترین حیزبی کوردەکانی سووریە، توانیوە کونتڕۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان بە دەست بگرێت و لە ساڵی ٢٠١١ ناوچەیەکی خودموختاری پێک بهێنێت و لە حەوتووی ڕابردوودا خەڵکی ڕۆژئاوا هەڵبژاردنێکیان وەکوو یەکەم هەنگاو بۆ خودموختاری بە مەبەستی هەڵبژاردنی ڕێبەرە خۆجێیەکان بەڕێوە برد.

ئەمە لە حاڵێک دایە ڕێژیمی ئەسەد کە شوێنکەوتووی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانە، بە تەواوەتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان دژایەتی هەبوو و لەم وتووێژەشدا لەگەڵ کاناڵی ڕووسیە جەختی لە سەر یەکپارچەیی عیراق کردووتەوە.

بەگشتی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم ترسی خستووتە نێو دڵی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان و بە دوای ڕێگەچارەیەک دەگەڕن بۆ بەرگریی کردن لە یەکگرتوویی سنوور نافەرمییەکانیان کە بە داگیر کردن بە دەستیان هێناوە.