کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵی تاقی کردنەوەی مووشەکی بالستیک بە درۆ خرایەوە

16:31 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکا هەواڵی تاقی کردنەوەی مووشەکی بالستیکی خوڕەمشەهریان بە درۆ خستەوە و ڕایان گەیاند کە هیچ تاقیکارییەکی مووشەکی ئەنجام نەدراوە.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان، لە مەراسیمی حەفتەی بەرگریی بەناو موقەدەس بە بەشداریی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، نوێترین مووشەکی بالستیکی بە ناوی خوڕەمشەهریان تاقی کردەوە.

ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە بارەی ئەم مووشکە بە ئاژانسی هەواڵدەریی تەسنیمی وتبوو: ئەم مووشکە ٢ هەزار کیلۆمێتر دەتوانێت ببڕێت و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی هەتا ١٨٠٠ کیلۆمێتر هەیە و لە جیاتی هەڵگرتنی کڵاوەیەک ئەتوانێت چەند کڵاوە هەڵبگرێت.

ڕۆژێک پاش ئەم خۆنواندنە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەواڵی تاقی کردنەوەی سەرکەوتووانەی مووشەکی بالستیکی خورەمشەهریان بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕاگەیاند و وتیان، کە ئەم مووشکە توانای گەیشتنی بە چەند شوێنی ناوچەکە لەوانە ئیسرائیل هەیە و هەواڵدەرییەکان ئەم مووشکەیان بە دێوەزمەی ئیسرائیل ناودێر کرد.

بەپێی بەڵگەکانی دوڵەتی ئامریکا کە فاکس نیوز بڵاوی کردووەتەوە، هەواڵی تاقی کردنەوەی مووشەکی بالستیک، لە لایەن ڕێژیمی ئێران لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ئەمساڵ، ڕاست نییە و ئەو وێنانەی کە بڵاو کراونەتەوە وێنەی تاقیکاری مووشەکێکی دیکە بووە کە ٧ مانگ پێش تاقی کراوەتەوە.

هەروەها بەپێی سەرچاوەکانی ئامریکا، هەواڵی تاقیکردنەوەی سەرکەوتووانەی مووشەکی بالستیک لە ٧ مانگ پێشیش لە لایەن ڕیژیمی ئێرانیان درۆ بووە و لەمبارەوە وتیان، کە ئەو تاقیکردنەوانە سەرکەوتوو نەبوون و لە هەوادا پێش گەیشتنیان بە شوێنی دیاریکراو تەقیونەتەوە.