کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی سەرکەوتنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان

20:08 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک پشتیوانیی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاونیشتمانیانی کوردستان

پێکهاتە و مەزهەب و ئایینە جۆراوجۆرەکانی کوردستان


هەر وەک ئاگادارن ۲۵ی ۹ی ۲۰۱۷ی زایینی ڕیفڕاندۆم وەک ئامرازێکی شارستانییانە و سەردەمیانە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان لە باشووری کوردستان بەڕێوە چوو، ئەم پڕۆسەیە بە هەموو پێوەرە نێونەتەوەیی و ئایینییەکانەوە شەرعییەتی هەیە و پڕۆسەیەکی تەواو ڕێگەپێدراوە، تاکوو خەڵک ڕا و بۆچوونی خۆیان لە مەڕ سەربەخۆیی نیشان بدەن، لە حاڵێکدا بەداخەوە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی جیهان بەدوور لە هەموو پڕەنسیپەکانی پەسندکراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگیریان نەکرد، جێگای داخە کە زۆرێک لە وڵاتان بە دژی وەستانەوە یان بە بیانووی نەبوونی کات هاوڕا نەبوون، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشی و سەرنجە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو، بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە بە هەموو ئیتنیک و ئایین و نەتەوەجیاوازەکانی کوردستانەوە، کە سەرئەنجام بە بەشداری زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان دەنگی بەڵێیان بۆ سەربەخۆیی و جیا بوونەوە لە دەسەڵاتی تایفەیی و مەزهەبی عێراق دا.

بەم بۆنەوە یەکیەتییەکەمان وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم کوردستانیان ئاواتەخوازین یەکبوون و یەکڕیزیتان بپارێزن، بۆ ئەوەی هێزێکی لەبڕان نەهاتوو بن بە دژی دژبەرانی ئەم خاک و وڵاتە، هیوادارین کێشە و ململانێی حیزبیتان لە پێناو بەرژەوەندی کوردستان کۆتایی پێ بێنن و هەوڵ بدەن باری خۆشگوزەرانی خەڵک بگەیەننە ئاستێکی دڵخۆشکەر.

والسلام علیکم ورحمەالله وبرکاته

٤ی ڕەزبەری ١٣٩٦