کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، لە کۆبوونەوەی ناساندنی ڕێکخراوی دۆستایەتی جیهانی کورد \"وەکفا\"

20:42 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات، بەشداریان لە ڕێوڕەسمی ناساندنی ڕێكخراوی دۆستایەتی جیهانی کورد وەکفا کرد و کارەکانی ئەم ڕێکخراوەیان بەرز نرخاند.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە هەولێر، بە سەرپەرەستی محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەکانی هەولێر، لە سەر بانگهێشتی ڕێکخراوی دۆستایەتی جیهانی کورد وەکفا بەشداریان لە ڕێوڕەسمی ناساندنی ئەم ڕێکخراوە کە ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی بۆ دۆزینەوەی دۆستی جیهانی بۆ کوردە و لە وڵاتی نوروێژ دامەزراو، کرد.

شایانی باسە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە ئەرکەکان و ئامانجی ڕێکخراوکە کرا، مەبەستیان لە دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوەیە، ڕاکێشانی ڕای شەقامی جیهانی و دۆستانی کورد لە جیهاندا بۆ دۆزی کوردە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی ناوبراو لە کوردستان و دەرەوە کرا.

نوێنەری حیزب وێڕای پیرۆزبایی لە ڕێکخراوی وەکفا و بەپێویست زانینی چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە هەندەران بۆ دۆزینەوەی دۆست و لۆبیگەری بۆ کوردستان لە قۆناغی ئێستادا، چاوی بە کۆمەڵێک کەسایەتی بەشداری مەراسمەکە و چالاکڤانانی بیانی ڕێکخراوی ناوبراو کەوت و وێڕای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانیان بۆ خزمەتی کوردستان، تیشکی خستە سەر بارۆدوخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چۆنیەتی هاوکاریی ڕێکخراوی ناوبراو لەم بەشەی لە نیشتماندا باس کرد.