کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و پارتی سووسیالیستی کوردستان کۆ بوونەوە

21:35 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکرات و پارتی سووسیالیستی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین ئاڵوگۆڕەکانی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٣٩٦/٧/٤ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٦/ ٩/ ٢٠١٧ی زایینی، شاندێکی پارتی سووسیالیستی کوردستانی باکوور بە سەرپەرەستی مەسعوود تەک سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لە لایەن مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسییەوە پێشوازیان لێ کرا.

لەم سەردانە دۆستانەدا، باسێکی سیاسی لەسەر دۆخی کورد بە گشتی خەبات و تێکۆشانی هەر کام لە پارچەکانی کوردستان بەتایبەت باشووری کوردستان، پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، ئاستی بەشداریی کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستان و پێشوازی لەم هەڵمەتە سیاسی و نەتەوەییەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی باشووری کوردستان، پەیامێکی ئاشتیخوازانە و مافخوازانەی نەتەوەی کوردی بە ڕای گشتی و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دا.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی باسەکەدا، ئاوڕێک بە هەڵویستی ئەرێنی وڵاتانی ناوچەی پێوەندیدار بە پرسی کوردەوە باس کرا، لەم پێوەندییەشدا هەر دوو حیزبی دۆست لەو باوەڕە دان، کورد بۆ لێک تێگەیشتنی پتر لەگەڵ ئەو لایەنانە پێویستە ڕێگای دیالۆگ بگرێتە بەر و تاکە مەرجی زاڵ بوون بە سەر ئەم دۆخەدا یەکیەتی و یەکڕێزی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و پشت بەستنیان بە هێزی گەل و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

لە کۆتایی ئەم باسەدا مستەفا هیجری جارێکی دیکە لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارتی سووسیالیستی باکوور جەختی کردەوە و بەڕێز مەسعوود تەک و ئەندامانی شاندی هاوڕێی، سپاسی مستەفا هیجری و هاوڕێیانی دەفتەری سیاسییان بۆ ئەو پێشوازییە دۆستانەیە کرد.

مەسعوود تەک وتی: سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و ڕۆڵی گرینگ و شوێندانەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕوانینی دۆستانە و نەتەوەیی بە نیسبەت خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە کەس شاراوە نییە و ئەم هەڵویستانە بۆ هەمووان جێی ڕێزن و بەتایبەت لەم دۆخە سیاسییەدا کە ڕێژیمی ئێران دژایەتی کورد و نکۆڵی لە مافەکانی دەکات. ئەرکی نەتەوەییمان ئەوەمان لێ دەخوازێ زیاتر هاوکاری حیزبی دێموکرات بکەین و ئامادەی ئەو هاوکارییەین و هیوای سەرکەوتن بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەخوازین.