کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە مەجلیس دژی کوردستان وەستانەوە

22:02 - 5 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئەنجامی دانیشتێنێکی بێ‌بەهادا دژی کوردستان و نەتەوەی کورد وەستانەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی بۆ تاوتوێکردنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی سەرۆکی شوڕای بەرزی ئەمنییەتی ڕێژیم کۆبووونەوە.

نوێنەرانی دەستنیشانکراوی ڕێژیم بە بەشداری شەمخانی کۆبوونەوە و ٢١٠ نوێنەری دەستنیشانکراوی ئەو ڕێژیمە دژی کوردستان و نەتەوەی کورد وەستانەوە.

دوای ئەو کۆبوونەوەیە مەجلیسی ڕێژیم لە بەیانییەیەکدا بە ئاشکرایی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان نایاسایی لە قەڵەم دا.

هەروەها لەو بەیانییەدا وێڕای پشتیوانی کردن مەجلیسی عێراق هەڵوێستی کوردستانیان مەحکووم کردووە.

هەڕەشە و لێدوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێک دایە کە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکا ڕایانگەیاندووە کە ڕێز لە ویستی کورد دەگرن.

سەرەڕای هەموو دژایەتی و ئاستەنگەکان خه‌ڵكی باشووری كوردستان، له‌ پڕۆسه‌یه‌كی مێژوویی و چاره‌نووسسازدا ڕوویان کردە سندووقەکانی دەنگ دان و چارەنووسی خۆیان دیاری کرد و کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان پاڵپشتیان لە سەربەخۆیی کوردستان کرد و نایان بە دوژمنان و نەیارانی کورد گوت.

پڕۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە کۆی ٩٢.٧٣٪ دەنگی بەڵێ بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.