کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەڤگەڕی دێموکراتیکی کوردستان سەردانی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کرد

21:01 - 6 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: تەڤگەڕی دێموکراتیکی کوردستان بە سەرپەرەستیی باران بوسکان سەردانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە هەولێر کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی تەڤگەڕی دێموکراتیکی کوردستان ، سەردانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە هەولێر کرد و لە لایەن هەیئەتێكی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی محەممەدساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.

لەو دیدارەدا، محەممەدساڵح قادری وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، باسی لە قۆناغی نوێی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکیەکانی حیزبی دێموکرات لەپێوەندی لەگەل خەباتی شاخ و شاردا کرد و خرۆشانی خەڵکی شارەکانی ڕۆژهەلات لە بۆنە جیاجیاکاندا، بەکاردانەوەی ئەم قۆناخە نوێیەی خەبات زانی کە شان‌بەشانی هێزە سیاسییەکان لە ئیرادەی نەتەوەیی خۆیان خاوەنداریەتی دەکەن.

لەو سەردانە و چاوپێکەوتنەدا، هەیئەتی میوان سپاسی پێشوازی حیزبی دێموکراتیان لە وەفدەکەیان کرد.

دواتر باران بوسکان بەرپرسی شاندی مێوان وێڕای خستنە بەر باسی رێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی وەک دەرفەت، تیشکی خستە سەر رەوشی باکووری کوردستان لە ئێستادا.

دواتر هەیئەتی هەر دوو لایەن، باسێکیان سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناوچە و دەرەفەتەکانی بەردەم کورد و پیلانەکانی داگیرکەران کرد و یەکڕیزی و هاوکاری نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە زامنی سەرکەوتن زانی و لەم پێوەندیەدا دڵخۆشی و دەستخۆشی خۆیان سەبارەت بە یەکڕیزی هێزەکانی باشووی کوردستان دەربڕی کە وێڕای زۆر گۆشار و پیلانی نەیاران، توانیان پرۆسەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی بە سەرکەوتنەوە ئەنجام بدەن.