کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: ڕێژیمی ئێران تۆڵەی شکستە سیاسییەکانی خۆی لە خەڵکی ئاسایی دەکاتەوە

22:43 - 6 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیانییەیەکدا دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵی خەڵکی ڕۆژهەڵات و میلیتاریزەکردنی کوردستان مەحکووم دەکات و داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و ناوەندە جیهانیە پێوەندیدارەکان دەکات گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی بێنن کە هەرچی زووتر دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکرێن و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هێزی نیزامی چۆڵ بکرێن.

دەقی بەیاننامەکە:

ڕێژیم شایی خەڵک بە میلیتاریزەکردنی شارەکان وەڵام دەداتەوە

هاونیشتمانیانی بەڕێز

کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان


ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ بەدوای بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە کوردستانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چارەنووسی نەتەوەی کورد لەو بەشەدا، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەنیشانەی هاوپێوەندیی نەتەوەیی و دەربڕینی هاوسۆزییان، بە شێوەیەکی ئاشتیانە و تەنیا بە شایی و خۆشیی مەدەنیانە، ڕژانە شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و لە کۆبوونەوە و کۆڕی دەیان هەزارکەسیدا، شایی و خۆشیی خۆیان بۆ ئەو ڕۆژە مێژووییە دەربڕی. ڕۆژێکی مێژوویی کە لەودا هاوزمان و هاونەتەوەکەیان لە بەشێکی دیکەی کوردستان بە ڕێگەی دێموکراتیک و ئاشتییانە و بە میکانیزمی گشتپرسیی هێمنانە ڕای خۆیان لەسەر چارەنووسی خۆیان دەربڕی و هەر وەک ئاکامەکەشی ڕاگەیەندرا بە زۆرینەیەکی یەکجار بەرچاو، واتە بە ڕێژەی ٩٢.٧٣% دەنگیان بۆ سەربەخۆبوونی کوردستانی باشوور دا.

کۆماری ئیسلامی کە ماوەیەکی زۆرە هێز و چەک و تەقەمەنیی زۆری هێنابووە ناوچە سنوورییەکان و هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە دژی بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە کوردستانی باشوور دایە و ئەو گشتپرسیە ئاژاوە لە ناوچە پەرە پێ دەدا و تێرۆریستان پێی بەهێز دەبن، لە بەرامبەر شایی و خۆشیی ئاشتیانە و ئاسایی خەڵکی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا حەپەسا و دەستی دایە ئاژاوەنانەوە و کردەوەی دڕندانەتر لە تیرۆریستی.

تەنیا تاوانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەوە بوو کە بە نیشانەی خۆشی و هاوسۆزی لەگەڵ هاوزمان و هاونەتەوەکانیان لەوبەری سنووری داسەپاوەوە، شایی مەدەنییان دەربڕی و بەپێچەوانەی کۆماری ئیسلامی کە هەڕەشەی لە بەڕێوەچوونی ئەو گشتپرسیە دەکرد، خەڵکی ڕۆژهەڵات بەپێشوازییەوە چوون و ئەمە هەموو هەڕەشە و پیلانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی تارانی کردە بڵقی سەرئاو و سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتیەکانی ڕێژیم کەوتنە تۆڵەکردنەوە لە خەڵک.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووودا لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێراندا بە سەدان کەس لە خەڵکی ئاسایی لە لایەن دام و دەزگا ئیتلاعاتی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون و لە چارەنووسیان زانیاریەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نیە. هەر لەم ڕۆژانەدا هێزێکی ئێجگار زۆری پاسدار، بە چەک و تەقەمەنیی قورسەوە ڕەوانەی نێوشارەکانی کوردستانی کردووە کە لە شەڕێکی دوو ئەرتەشی پۆشتە و پەرداخدا ئەو چەکە قورسانە بەکار دەبرێن، نەک بۆ داپڵۆسینی خەڵکی مەدەنی لە نێو شاردا.

کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە سەلماندیەوە کە هەموو هەڕەشە و گوڕەشە دەرەکیەکانی پووچەل و بێبنەمان و تەنیا توانای داپڵۆسین وسەرکوتی خەڵکی مەدەنی و بێتاوانی هەیە و تۆڵەی شکستە سیاسیەکانی لە خەڵکی ئاسایی دەکاتەوە.

ئەو شایی و خۆشیەی خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران سەلماندیان کە بەپێچەوانەی سیاسەتە نگریسەکانی ڕێژیم، نەتەوەی کورد وشیار و ئاگایە و لەبەردەم چەواشەکاریەکانی کۆماری ئیسلامیدا چۆک دانادا.

ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە دڕندانەیەی کۆماری ئیسلامی، داوادەکەین هەرچی زووتر دەسبەسەرکراوەکان ئازاد بکرێن و هەموو ئەو هێزە نیزامیانە ببردرێنە دەر لە نێو شارەکانی کوردستان و بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی لێوەی هێنراون.

داوا لە هەموو کۆڕو کۆمەڵە سیاسی و ناوەندەجیهانیە پێوەندیدارەکان دەکەین کە گوشار بۆ کۆماری ئیسلامی بێنن کە هەرچی زووتر دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکرێن و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هێزی نیزامی چۆڵ بکرێن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٦ی رەزبەری ١٣٩٦
٢٨ی ٩ی ٢٠١٧