کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێتری سارڤاما: کوردەکان شایانی دەوڵەتی خۆیانن

14:50 - 7 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پێتری سارڤاما ئەندامی پارلمانی ئورووپا لە وڵاتی فینلاند پشتیوانی خۆی لە سەربەخۆیی دەربڕێوە و باسی لەوە کردووە کە کوردەکان شایانی دەوڵەتی خۆیانن.

سارڤاما لە ڕۆژنامەی (ILTASANOMAT) ڕایگەیاندووە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە ناوچەی کوردستان لە باکووری عێراق گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەچوو.

ناوبراو باسی لەوە کردووە وڵاتی دایک، واتە عێراق بە درێژایی مێژوو هەوڵی داوە ئەو ناوچەیە بە زۆر لەژێر دەستی خۆیدا ڕاگرێت، سەرەڕای ئەوەیکە خەڵکی ئەو ناوچەیە داوای خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی دەکەن.

سارڤاما گوتوویەتی، نەتەوەی ٣٠ میلیۆنی کورد لە نێوان عێراق، تورکیه، ئێران و سووریه دابەش کراوە و سەرەڕای بوونی دەوڵەتە جیاوازەکان کوردەکان بە شێوەیەکی تۆکمە پێکەوە پێوەندیان هەیە و خاوەنی زمان، کولتووری زۆر تایبەت و نەریتە بەهێزەکانی خۆیانن.

ئەو ئەندام پارلمانەی ئورووپا باسی لەوەش کردووە بۆ درێژایی چەندین ساڵ هەوڵ دراوە کوردەکان لە ناو کولتوور و ناسنامەکانی دیکەدا بتوێندرێنەوە و بە ستەم و چەوسانەوە مافەکانی ئەوان پێشێل کراوە.

کوردکان موسوڵمانن و کاتێک لێیان دەپرسی زۆر بە ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنن کە هیچ پێوەندیەکیان بە عەرەبەکانەوە نیە.

پێتری سارڤاما گوتوویەتی، توندوتیژی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر کوردستان بووەتە بەشێکی زۆر لە مێژووی کوردەکان و هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی یەکەمجار نیە کە لە ڕۆژەڤی کوردەکاندا ببێت.

ئەو ئەندام پارلمانەی ئورووپا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە لە بەرامبەر هەوڵی جیابوونەوەدا، لە ڕووی جوغرافیایەوە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر کوردستاندا ئەوجارەش دەستیان کردووە بە زەخت‌خستن بۆ سەر کوردستان. بۆ نموونە دەوڵەتی ناوەندی عێراق لە ئامادەباشیە بۆ کردەوەی سەربازی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوە پێشمەرگەکانی کورد بوون عێراقیان لە باکوورەوە لە هێرشی داعش ڕزگار کرد. ئەردۆغان لە تورکیەوە هەڕەشەی توندوتیژی بۆ سەر کوردستان دەکات، ئەگەر بێت و هەوڵی سەربەخۆیی‌خوازی بەرەو ناو تورکیەش بڵاو بێتەوە.

کوردەکان هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا لە سووریەش لە بەرامبەر داعش خەباتیان کردووە و بۆ هەبوونی خۆیان بەرخودانیان لە خۆ نیشان داوە.

هاوکات ئەوان لە جیاتی هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا دژی تێرۆریزم خەباتیان کردووە.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی قەرزداری کوردەکانە بۆ دانپێنانیان.

پرسەکە جگەلەوەی کە دادپەروەریە، پرسی قەرزی شەرەفمەندانەشە. بێگومان لەسەرەتای لەدایکبوونیدا کوردستان وڵاتێکی بەهێز و سەقامگیر نابێت، بەڵام نەتەوەی کورد شایانی دانپێدانانە.

شیاوی و توانایی کوردەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکراتیک لە نێوەڕاستی ناوچەیەکی ناسەقامگیردا نابێ بە کەم بگیرێت. سەرەڕای ئەوەیکە توندڕەوی ئیسلامی وڵاتانی دەسەڵاتدار لە ناو کوردستانیش شوێندانەر بووە، بەو حاڵەش کوردەکان هەلومەرجی باشتریان هەیە لە دەوڵەتانی ناوچە بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک.

ڕۆڵی کوردستانی دێموکراتیک لە داهاتوودا لە سەر ناوچە ناتوانرێ لەبەرچاو نەگیرێت. لە کاتێکدا کە ئامریکا هەوڵی بێ ئاکامی داوە بۆ هەناردەکردنی دێموکراسی بۆ ناوچە، کوردەکان دەتوانن نموونەی ئاشتی‌خوازانەی دێموکراسی فێری گەلانی ناوچە بکەن.

کوردەکان بۆخۆیان هیچکات ئارامی و سەقامگیریان نەبینیوە. مێژوو ناپرسێ کە بەجێ گەیاندنی ماف چەندە ئاسانە. مێژوو پرسیار دەکات: داخوا هیچکات ئەو هەلەیان بۆ ٣٠ میلیۆن نەتەوەی کورد دا یان نا.