کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزەرانی ئێرانی: جیهان ڕێز بۆ دەنگی گەلی کورد دابنێت

16:26 - 7 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە پارێزەرانی کورد و غەیرە کورد لە ئێران لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کردووە کە ئاکامی ڕاپرسی باشووری کوردستان بە فەرمی بناسن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێکی بەرچاو لە پارێزەرانی بەناوبانگی کورد و غەیری کورد لە ئێران نامەیەکیان بڵاو کردۆتەوە و وێڕای ئاوڕدانەوە لە مافی دیاریکردنی چرەی خۆنووسین بەپێی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکان داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ڕێز بۆ ئیرادە و دەنگی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دابێن و ئاکامی ڕاپرسی باشووری کوردستان بە فەرمی بناسن.

لەم نامەیەدا هاتووە؛ ژیانی ئازادانە مافی هەموو تاکێکە و کوردەکان لە وڵاتی تازەدامەزراوی عێراق کە پاش ڕووخانی ئیمپراتوری عوسمانی دامەزرا، بەدرێژایی تەمەنی چەندین نەوە هیچ کات تامی یەکسانییان نەچەشت و بەردەوام چەوسێندرانەوە؛ هێرشی کیمیایی بۆ سەر هەڵەبجە، ئەنفاڵ، کۆڕەو، تاڵانی سامان و داراییەکان، جێبەجێ‌کردنی سیاسەتی زەوی سووتاو، تەعریب، حاشاکردن لە شوناس، دەسدرێژی و دەیان ژانی دیکە بەشێکن لە مێژووی لێوانلێو لە چەرمەسەری ئەم نەتەوە کە هەنووکە بڕیاری داوە سەربەخۆ بێت.

لە بەشێک لەم نامەدا هاتووە؛ مافی دیاریکردنی چارەنووس مافێکی بنەڕەتییە کە بەپێی بنەما حقوقییە نێونەتەوەییەکان هیچ کەسێک ناتوانێ لە نەتەوەیەکی بستێنێتەوە، لە هەمان کاتیشدا ڕاپرسی و دەنگدان بۆ گەیشتن بەم مافە دێمۆکراتیک‌ترین و لۆژیکی‌ترین ڕێکارە، هەربۆیە دەتوانین بڵێین رەوایی ڕێفراندۆم ڕەگی لە ئیرادەی نەتەوەیەکدا هەیە کە دەیهەوێ دادپەروەری و ژیانی ئاوەزمەندانە بنیات بنێ.

ئەم پارێزەرانە لە نامەکەیاندا وتوویانە: بێگومان ڕێفراندۆم لە ڕوانگەی مرۆیی، مێژوویی، جوانی‌ناسی، گەڕاندنەوەی ئابڕووی پێشێلکراوی نەتەوەیەک دەتوانێ گەرەنتیییەک بێت بۆ نەسڵەکانی دواتر تاکوو وەک مرۆڤی سەردەم بە ئازادی و یەکسانی بژین؛ بۆیە ئێمە وەک پارێزەرانی دەزگای داد هیوادارین دامەزراندنی دەولەتی کوردستان ببێتە هەوێنی ئاسایش و هێمنی لە جیهان و ناوچەدا و ڕۆحی برایەتی و دۆستایەتی بەهێز بکات.

لە کۆتایی نامەکەشدا ٥ خاڵیان پۆلێن کردووە کە بەکورتی بریتین لە:

١. بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم پرسێکی بەتەواوەتی حقوقی، ڕەوا، دادپەروەرانە و جێگەی ڕێزلێگرتنە و دێموکراتیک‌ترین شێوازە بۆ دیاریکردنی چارەنووس.

٢. داواکارین لە نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای بەفەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان و ئاکامی ڕێفراندۆم، ڕۆڵ و نەخشی خۆی لەڕاستای پاراستنی ئاشتی و ئەمنیەتی جیهانی و یارمەتی‌گەیاندن بە ژیانی باشتر نیشان بدات تاکوو چەرمەسەرییە بێ‌کۆتاییەکانی نەتەوەی ستەملێکراو کۆتایی پێ‌بێت و دەرەتانی ژیانێکی مرۆییانە دابین بکرێت.

٣. خوازیارین جیهان ڕێز بۆ دەنگی گەلی کورد دابنێت تاکوو کوردستان وەک گوڵێکی تازەپشکوتوو لە جیهان جوانییەکان زیاتر بکات.

٤. خوازیاری پەسندکردنی کەتواری درووست و ڕەوای ئاکامی ڕێفراندۆمین لەلایەن کۆمەلگای جیهانییەوە.

٥. داوا لە ئێران دەکەین سیاسەتی دوژمنکارانە بەرامبەر بە کوردستان نەگرێتەبەر چونکە قازانجێکی تێدا بەدی ناکرێت.

بەشێک لە واژۆکەرانی ئەم نامەیە بریتین لە: محەمەدساڵح نیکبەخت، سەید محەممەد ئەکبەری، مازیار تاتایی، حامید سۆهرابی، مەسعود شەمس‌نژاد، ئەسعەد شێخی، شۆڕش مەزهەری.