کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دانیشتنێکی کارناسانەی هزرگەی \"هادسێن\" چۆنیەتی پێشگرتن بە سەرەڕۆیی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە تاوتوێ کرا

22:02 - 8 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بە هۆی سەرەڕۆیی و دەستێوەردانە لە ڕادەبەدەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی دەوروبەر لە لایەن هزرگەی هادسێن بە بەشداریی چەندین زانا و کەسایەتیی ئامریکا کۆڕێکی بیروڕا گۆڕین لەم پێوەندییەدا پێک هات.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری واشنگتۆن، هزرگەی هادسێن بە بەشداریی چەندین کەسایەتی و زانا و نووسەر بە مەبەستی بیروڕا گۆڕین لە مەڕ چۆنیەتی پێشگرتن لە سەرەڕۆیی و پەرەسەندنی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران دانیشتنێکی ڕێکخست.

لەم دانیشتنەدا، مایکێل پریجێنت کارناسی بەرزی هزرگەی هادسێن کە پێشتر وەکوو مەئمووری ئەمنییەتی و ئیتلاعاتی ئامریکا ئەرکی پێ ئەسپێردراوە، لە شیکارییەکدا لە سەر نەخشەی عێراق باسی لەوە کرد، کە ئێران توانیویەتی لە سێ قۆڵەوە واتە دوو قۆڵی لە بەغدادەوە و قۆڵی سێهەمی لە سووریەوە دەستی بە سووریە بگات.

بەپێی قسەکانی ناوبراو، هێزەکانی پولیس و ئەرتەشی عێراق لە پاڵ هێزی میلیشیایی حەشدی شەعبییەوە لە گواستنەوەی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و چەکوچۆڵ بۆ سووریە دەوری کاریگەرییان گێڕاوە.

هەروەها مایکێل لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە سەفەرێک کە بۆ عێراق کردم و لەگەڵ عەرەبە سونییەکان دانیشتنم هەبوو، چاوەڕوانیی ئەوەم دەکرد کە ئەوان بۆ تۆڵە سەندنەوە لە ئێران ئامادە بن، بەڵام وادیارە لە هەبوونی ئێران وەکوو بەهێزترین هێز لە عێراق ناڕازی نین و دەیانەوێت لەم بارەوە ئامریکا کارێک بکات، کە ئامریکاش بە تەما نییە هیچ بکات.

هەر لەم دانیشتنەدا ئیلان برمەن کارناسی بەرزی کاروباری ستراتیژیکی لەم هزرگەیە بەشدار بوو، کە لە سەر ئەو باوەڕە بوو، ئێران لە حاڵی بەهێز کردنی ئیمپراتۆرییەتی شۆڕشــە.

ئەم کەسە کە چەندین کتێبی لە سەر پەرەسەندنی دەسەڵاتی ڕێژیمی تاران نووسییەوە، وتی: ئێستە دنیا بەوە گەیشتوون، کە هێندێ لە ئیددعاکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە سەر دەسەڵاتیان لە چوار وڵاتی عەرەب (یەمەن، سووریە، لوبنان و عێراق) بە ڕاست دەرچووە و ئەو ڕێژیمە جیا لەوەی لە ڕێگا زەوینییەکان کەڵک وەر دەگرێت، لە ڕێگای کومپانیاکانی خۆی وەکوو ماهان لە ڕێگای ئاسمانیشەوە چەکوچۆڵ هەناردەی ئەو وڵاتانە دەکات.

کەمتر لە مانگێک پێش بەڕێوەچوونی خولی نوێی پێبەندیی ئێران لە مەڕ بەرجام و خاڵی پەسەندکراوی ٢٢٣١ی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم دانیشتنە گیرا، کە هێندێ لە کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ترامپ ئەمجارە ئەم پێبەندییەی ئێران پەسەند ناکات.