کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگایەکی ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە دانی ٦٣ میلیۆن دولار بە ئەمیر حکمەتی سزا دا

14:49 - 9 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دادوەرێکی ئامریکایی، ڕێژیمی ئێرانی بە دانی ٦٣ میلیۆن دولار وەک قەرەبوو کردنەوە بە ئەمیر حکمەتی مەحکووم کرد.

ئەمیر حکمەتی سەربازێکی هێزە نیزامییەکانی ئامریکا، کە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی بۆ سەردانی بنەماڵەکەی سەفەری ئێرانی کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و بە سیخوڕی بۆ ئامریکا تاوانبار کرابوو و سزای ئێعدامیان بە سەردا سەپاند بوو.

ئەمیر حکمەتی لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی بەرجام، لەگەڵ چەند زیندانییەکی‌تری ئامریکایی لەوانە: جەیسۆن ڕەزاییان، سەعید عابدینی و نەسرتوڵلا خسرەوی ئازاد کران و بۆ ئامریکا گەڕانەوە.

چەند مانگ دواتر پارێزەری ئەمیر حکمەتی لە دادگای پێتەتختی ویلایەتە‌ یەکگرتووەکان سکاڵایەکی بە دژی ڕێژیمی ئێران تۆمار کرد و داوای کرد ڕێژیمی ئێرانی بە هۆی ئەو ئازارە ڕۆحی و جستەیی و ماڵییانەی کە بە سەر ئەمیر حکمەتی هێناویە، سزا بدرێت.

دادوەرێکی دادگایەک لە واشینگتۆن سزا سەرەتاییەکانی خۆی دژی ڕێژیمی ئێران دەر کردووە.

ئەم دادوەرە لە لاپەڕەی حوکمی سزاکەییدا نووسیویەتی: ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە ویستوویانە ئەمیر حکمەتی دان بە کارگەلێگدا بنێت کە نەیکردووە، ئەم ئەشکەنجانە ئازاری ڕۆحی و جەستەیی قەرەبوونەکراو بوون.

کاناڵی دەوڵەتی ڕێژیمی ئێران لە کاتی زیندانی بوونی ئەمیر حکمەتی چەند دانپێنانێکی لە ئەمیر حکمەتی بڵاو کردبووە، کە ناوبراو دوای ئازاد کردنی هەموو ئەو دانپێیانانەی ڕەت کردەوە و وتبووی: بەهۆی ئەشکەنجە، نەبوونی خواردنی پێویست، زیندانی کردنی لە ژووری تاکەکەسی و دەستڕانەگەیشتنی بە پزیشک ناچار بووە دان بەو تاوانانە بنێت کە نەیکردووە.