کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ کوردستان وەڵامی دژبەرانی خۆی دایەوە

15:01 - 9 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەت و پارلمانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری نەشیاوی لەدژی هەرێمی کوردستان سەپاند، پارلمانی کوردستانیش لە دوایین دانیشتنی خۆیدا وەڵامی دایەوە.

بەپێی هەواڵی هەوالدەرییەکانی باشوری کوردستان رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سێپتامبری ٢٠١٧، پەرلەمانی کوردستان به‌ ئاماده‌بوونی ٦٢ پەرلەمانتار و راوێژكاری یاسایی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کۆبووەوە و سەبارەت بە بڕیارەکانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق چەند بڕیارێکی گرینگیان پەسند کرد کە بەشێوەی کۆنکرێت بریتی بوون لەوەیکە تەواوی بڕیارەکانی حکومەتی ناوەندی نایاسایین و گشتپرسیی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە دەستووری عێراق ئەنجامدراوە؛ هەروەها مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی سەرپشک کرد بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی هەڕەشەیان لەسەرە.

لە بەشێک لەم بڕیارنامەدا هاتووە پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە بنەماو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری عێراق، دەسەڵاتە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان رادەسپێرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامەکانی ریفراندۆم کە لە ٢٥-٩-٢٠١٧ ئەنجامدراوە؛ هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەکەین رێز لە بڕیاری گەلی کوردستان بگرن، سەبارەت بە پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین.

لەبەشێکی دیکەیشیدا هاتووە، یاسا بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهیچ شێوەیەک قابیلی جێبەجێکردن نین لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو لەلایەن پەرلەمانی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنیان بۆ دەردەچێت.

لە بڕگەیەکی دیکەیشدا هاتووە بڕیاری گەلی کوردستان لە رێفراندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧ پاڵپشت بووە بە دەستووری عێراق و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٦٦ کە عێراق پەسندی کردوون بە یاسای ژمارە ١٩٣ی ساڵی ١٩٧٠.

یەکێک لە گرینگترین بڕیارەکانی پارلمانیش بەم چەشنەیە: سەبارەت بە پابەندکردنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێچەوانەی بڕگەی یەکە لە ماددەی ٩ی دەستوور کە ناکرێت هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی ئاسایش دژی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان بەکاربهێندرێن، ئەمە جگە لەوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، مافی یەکلاکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە داوە لەڕێگەی راپرسییەوە، نەک فەرمان کردن بە بەکارهێنانی هێز بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانە. وە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان سەرپشک دەکەین بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێکی پێویست بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لەو ناوچانە و بەرقەراربوونی ئارامی تێیاندا.

هەروەها سەبارەت بە بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکان ڕایانگەیاندووە ئەم بڕیارە لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدا نییە و بەهیچ جۆرێک لە ماددەی ١١٠ ی دەستووردا ئاماژی پێنەدراوە، بەپێی ماددە ١١٥ لە دەستووریش هەر بابەتێک کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدراڵ نەهاتبێت دەسەڵاتی هەرێمەکانە.

هەر لەمبارەوە بۆ پاڵپشتی لە سەربەخۆیی کوردستان داواکارییەک لە ماڵپەڕی کۆشکی سپیی ئەمریکا دانراوە و دەبێت ١٠٠ هەزار کەس پشتگیری بکەن بۆئەوەی کۆشکی سپی وەڵامی بداتەوە.

لە داواکارییەکەدا هاتووە: بۆ هەموو کەسێکی بەویژدان جێی نیگەرانییە کە ویستی شەرعی و دیموکراسییانە و ئاشتییانەی کورد بۆ سەربەخۆیی لە عێراق بە تاکتیکی سووکایەتی و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لەلایەن حکومەتەکانی عێراق و ئێران و تورکیاوە وەڵامی دەدرێتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە کارلۆس پودجمۆنت، سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا، وەک پشتگیری لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی هەریمی کوردستان لە لیدوانێکدا وتوویەتی: لێکچوون لەنێوان نەتەوەکانی کەتەلۆنیا و کورد هەیە.

هەردوو نەتەوەش مافی دیاریکردنی چارەنووسییان هەیە. حکومەتی ئیسپانیا و عێراق هیچ رێز لە مافەکان ناگرن. دەمەوێت پێتان بڵێم خەڵکی کوردستان تەنیا نییە. ئێمە لە ئێوەوە فێردەبین بە چ شێوازێک بەرخودان بکەین. تەنیا یەک پاشەڕۆژ بۆ هەردوو نەتەوەکانمان هەیە، ئەویش ئازادییە. لەڕێگەی ئەو ئازادییەوە هەردووکمان براین.

هەروەها ١٢٨ کەس لە ئەندامانی ئاکادێمی ئۆسکار لەسەر بانگەوازی بەهمەن قوبادی سینەماکاری بەناوبانگی جیهان، کۆمەڵێک لە پارێزەرانی کورد و غەیرە کورد لە ئێران لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێتری سارڤاما ئەندامی پارلمانی ئورووپا لە وڵاتی فینلاند، چەک شومه‌ر سناتۆر و سه‌رۆكى فراكسيۆنى دێموكراته‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى سێنای ئا‌مريكا، بێرنارد کۆشنێر وەزیری پێشووی دەرەوەی فەڕانسە و لە دۆستانی نزیکی شەهید دوکتور قاسملوو، فرێدریک تێسۆ سەر کۆنسوولی پێشووی وڵاتی فەڕانسە لە هەرێمی کوردستان و دۆستی شەهید دوکتور قاسملوو، ئیسماعیل بێشکچی کەسایەتیی ناوداری تورک، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و کۆمەڵێک کەسایەتی و چالاکی سیاسی ئێرانی پشتیوانییان لە سەربەخۆیی کوردستان کرد.

لەبەرامبەریشدا دوژمنانی کورد بەردەوامن لە دژایەتی کردنی سەربەخۆیی کوردستان؛ سەرکۆماری تورکیە لە نوێترین لێدوانی خۆیدا سەبارەت بە گشتپرسی کوردستان هەوڵی داوە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ببەستێتەوە بە لایەنێکی دەرەکی و وتوویەتی: ئیسرائیل نەخشێکی یەکلاکەرەوەی لەم پڕۆسەدا هەبووە.

هەروەها حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەژێر کاریگەرییەکانی ڕێژیمی تاراندا چالاکی دەکات لە گوتارێکدا باسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە: ئەمە پڕۆژەیەکی ئامریکایی - ئیسرائیلییە و بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکەیە.

دەشڵێت: ئەمە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران، تورکیا، سووریا و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە، دەرگا بۆ دابەشبوون و دابەشبوونی زیاتر دەکاتەوە.

سەبارەت بە دەوڵەتی ناوەندیی بەغداش کە هەر لە سەرەتاوە دژایەتی سیستماتیکی لەگەڵ کوردستان کردووە، ئاشکرا بوو کە بەتەمای بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی سەربازی هاوبەش لەگەڵ دوژمنی دێرینی گەلی کورد واتە کۆماری ئیسلامی ئێرانن لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا.

ئەم مانۆڕە کە لە سێ سنووری فەرمی پەرویزخان، باشماخ و تەمەرچین بەڕێوە دەچێ، بەڕای کارناسان پەلەقاژەیەکی گاڵتەجاڕانەی هەر دوو ڕێژیمی تاران و بەغدایە بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان.