کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتییەکانی عێراق لە هەمبەر کوردستان بە هاوئاهەنگی ئێران و تورکیە

20:19 - 9 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: حکوومەتی عێراق کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێرانە و سیاسەت و بەرنامەکانی خۆی لەو ڕێژیمە وەر دەگرێت و هەروەها ڕێژیم تورکیەش بە سەر دەوڵەتی عیراق هەژموونی خۆی سەپاندووە، بە هاوئاهەنگی یەکتر دژایەتی کوردستان دەکەن.

وەزیری بەرگریی عێراق لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووە لە سەر ئەوەی کە بە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران و تورکیە کاری هاوبەش بۆ بە دەستەوە گرتن و کونتڕۆڵی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان ئەنجام دەدەن.

لەم ڕاگەیەندراوە هاتووە، کە هێزەکانی عێراقی لەگەڵ ڕێژیمەکانی ئێران و تورکیە بۆ گەیشتن بە دەروازە سنوورییەکانی کوردستان، لە سنوورە دەستکردەکانی ئەم دوو وڵاتە، خەریکی بەرنامە داڕشتنن.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە کوفاح مەحموود، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک دەوڵەتی هەرێم، دەستکاری دەروازە سنوورییەکانی کوردستان قەبوول ناکات.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێژیمەکانی ئێران و تورکیە پێش بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە کوردستان هەڕەشەیان کردبوو کە دەروازە سنوورییەکان لە سەر کوردستان دادەخەن و دوای بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمیش هەر بە بەردەوامی ئەم هەڕەشەیە دووپات دەکەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق هاتووە، کە بەپێی بڕیاری دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیە بە بەرنامەیەکی لە پێش دیاریکراو، ئیدارەی تەواوی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی کوردستان بە دەستەوە دەگرن.

ڕێژیمی عێراق هەتا ئێستە، نکۆڵی لە ئیرادەی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ ڕێفراندۆم و مافی دیاری کردنی چارەنووسی ئەم خەڵکە دەکات و گشتپرسی لە کوردستان بە فەرمی ناناسێت و ئامادە نییە لە سەر ئەم پرسە لەگەڵ کوردستان دابنیشێت.

لەو کاتەوە کە بڕیار بۆ بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان دراوە، وڵاتانی ئێران و تورکیە بۆ بەئاکام نەگەیشتنی گشتپرسی لە کوردستان چەندین دانیشتن و پەیوەندی دیپلۆماتیکیان بە یەکەوە هەبووە و هەنووکەش ئەم مافە سەرەکییەی خەڵکی کوردستان پێشل دەکەن و لە هەوڵدان بە هەڕەشە کردن و گوشار خستنە سەر دەوڵەتی عێراق، لە پێش بڕیاری دیاری کردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان ڕێگر بن.