کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لەدژی کوردستان دنەی حەشدی شەعبی دەدا

15:07 - 10 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: بەشێک لە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی تاران هەڕەشەی هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردستان دەکەن.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە لە هەواڵێکدا ئاشکرای کردووە؛ قەیس ئەلخەزعەلی سەرکردەی تاقمی عەسائێبی ئەهلی حەق سەر بە حەشدی شەعبی درووست‌کراوی دەستی ڕێژیمی تاران لە یەکەم دژکردەوە بەرامبەر بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان هەڕەشەی شەڕ لەدژی کوردستانی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە خەزعەلی ڕێکەوتی ٣٠ی سیپتامبر لە کۆڕێکی ماتەمینی لە شاری نەجەف وتوویەتی: ئێمە دەتوانین ئەو ناوچانەی کە هەرێمی کوردستان داگیری کردووە لە ماوەی مانگێکدا وەری بگرینەوە.

ناوبراو وتوویەتی: دەبێ هەموو چاڵە نەوتییەکان و ئەو ڕێڕەوانەی کە هەنووکە لەبەردەستی کوردەکانە لێیان وەربگیرێتەوە و بە زۆری چەک لەگەڵیان بجوڵینەوە؛ ئەوانە جیایی‌خوازن و دەبێ لەنێو بچن.

وتوویشیەتی: ئەم گشتپرسییە بەپێچەوانەی دەستوورە و سیستمی پارلمانیش لە عێراقدا شکستی خواردووە.

ئەم ئاخوندەی سەر بە ڕێژیمی تاران پێشتریش وتبووی: ئەگەر بە فەرمی پرسی سەربەخۆیی ڕابگەیەندرێت ئەوا ئێمە وەک ناوچە داگیرکراو سەیری دەکەین.

کۆماری ئیسلامی وەک سەرەکی‌ترین دوژمنی گەلی کورد بەردەوام لە ساڵانی ڕابردووشدا هەولی داوە لەڕێگەی دەست‌وپێوەندییەکانییەوە لە عێراق و کوردستان کێشە و سەرئێشە بۆ گەلی کورد لەم پارچەی کوردستان ساز بکات.

لە دانیشتنی رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سێپتامبری ٢٠١٧ی پەرلەمانی کوردستاندا مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان سەرپشک کرا بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی هەڕەشەیان لەسەرە.

هەر لەم پێوەندییەدا حەسەن نەسروڵڵا، سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەژێر کاریگەرییەکانی ڕێژیمی تاراندا چالاکی دەکات لە گوتارێکدا باسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە: ئەمە پڕۆژەیەکی ئامریکایی - ئیسرائیلییە و بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکەیە.

دەشڵێت: ئەمە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر عێراق، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر ئێران، تورکیا، سووریا و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە، دەرگا بۆ دابەشبوون و دابەشبوونی زیاتر دەکاتەوە.

کۆی ئەم باس و خواستانەی لق‌وپۆپەکانی ڕێژیمی دژی گەلی تاران دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی لە داهاتووی نادیاری خۆی دەترسێت و هەموو پەلەقاژەیەک دەخاتە گەر تاکوو سەربەخۆیی باشوری کوردستان نەگەیەتە ئامانج.