کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەغداد دەوێت لە ڕێگای تورکیەوە دەست بەسەر داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت

15:14 - 10 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: حەیدەرەلعیبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کە بەغداد دەیەوێت بە یارمەتی تورکیە دەست بە سەر داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بگرێت.

حەیدەرەلعیبادی لە تویتەکەی خۆیدا ڕایگەیاند: حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەست بە سەر داهاتە نەوتییەکانی کوردستاندا دەگرێت، هەتا مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و ڕێگا نادات ئەو داهاتانە بچێتە گیرفانی گەندەڵکارانەوە.

زەوت کردنی داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، دوایین هەڕەشە توندەکانی بەغداد لە هەمبەر گشتپرسیی لە باشوورە، کە پێش ئەم هەڕەشەیە، فڕینی فڕۆکە نێونەتەوەییەکان لە سەر ئاسمانی کوردستان لە لایەن تورکیە و عێراقەوە ڕاگیرا.

نەوتی کوردستان، لە ڕێگای بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکووک ـ یووموورتالک دەگاتە بەندەری مێرسین لە تورکیە و لەوێش دەگاتە بازاڕەکانی جیهانەوە، کە تورکیە لە ڕێگای گواستنەوەی نەوتی کوردستان ساڵانە ٥٠٠ میلیۆن دولار داهاتی هەیە.

کوردستان بە ڕووبەری نزیک لە ٧٨ هەزار کیلۆمێتری چوارگۆشەوە و حەشیمەتی ٦ میلیۆنییەوە، یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بواری نەوت و گازە.

هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ بەملاوە بە هۆی بڕینی بوودجەی ١٧ لەسەدی عێراق، سەربەخۆ لە ڕێگای تورکیەوە نەوتی سروشتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە، کە ئەم کارەی کاردانەوەی حکوومەتی بەغدادی لێ کەوتەوە، بەڵام پاش بەڕێوەچوونی گشتپرسیی لە ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی ئەم کاردانەوە توندتر و بەربڵاوتر بووە و هاودەنگیی تورکیە و تارانیشی لەگەڵ کەوتووە.

وڵاتی تورکیە و ئێران کە ساڵانە داهاتێکی خەیاڵی لە هەرێمی کوردستان بە دەست دێنن، بە هۆی ئەوەی گشتپرسیی کوردستان وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمنییەتی خۆیان لە قەڵەم دەدەن، لەم ماوەدا هەڵویستیان لە حکوومەتی ناوەندیی بەغداد لە هەمبەر ئەم بڕیارە چارەنووسسازەی نەتەوەی کورد لە باشوور توندتر و بەربڵاوتر بووە.