کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەزاندنی سنوورەکانی کوردستانی باشوور بەبێ ‌وڵام نابێت

15:36 - 10 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: هێمن هەورامی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە توندی وڵامی هەڕەشەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان داوە.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، هێمن هەورامی بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی کرد، کە هەنگاوی مێژووی گەلی کوردە و بە هەنگاوێکی سەدساڵەی گەلی کوردی لە قەڵەم دا.

هێمن هەورامی، سەبارەت بە مانۆڕە نیزامییەکانی ئێران و تورکیە و عێراق کە بڕیارە لە سەر سنوورە دەستکردەکانی ئەم وڵاتانە بەڕێوە بچێت وتی: ئێران و تورکیە و عێراق لە ناو وڵاتەکانی خۆیان خۆنواندنی سەربازیی یان هەر کارێك بەڕێوە دەبەن با بیکەن کەیفی خۆیانە، بەڵام تەنیا یەک بست بێنە ناو خاکی کوردستانەوە، ئەوا بەبێ ‌وڵام نابێت، ئێمە گیان دەدەین بەڵام ناهێڵین ئیرادەی خەڵکەکەمان بشکێت، چونکە ئەم کارەی کە دەکرێت بۆ شکاندنی ئێرادەی پاش ڕێفراندۆمە.

هەروەها لە وڵامی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە بۆ داخستنی سنوورەکان و کۆتایی هێنان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکەمجار ئەم وڵاتانە خۆیان زەرەر دەکەن، چونکە بەشی زۆری کاڵاکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن و وتی: ئێمە بە درێژایی ٢٥ ساڵی ڕابردوو دەرمان خستووە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری سەرەکی سەقامگیری ئێران و تورکیەیە، ئێمە لەسەر هەمان پەیوەندیی بەردەوام دەبین و ڕێزی دراوسێیەتی دەگرین، هیوادارین تورکیە و ڕێژیمی ئێرانیش پێبەندی ئەمە ببن.

هەروەها ناوبراو وتی: کە سەردەمی حیلفی بەغداد، سەعدئاباد، لۆزان و ڕێكکەوتننامەی ئەلجەزایر بەسەرچووە کە بتوانن بە واژۆیەک یا خۆد ڕێککەوتنێک بڕیاری تێیاچوونی کورد بدەن.

لە کۆتایی قسەکانیدا هێمن هەورامی باسی لەوە کرد، ئەگەر کوردستانی باشوور ناسەقامگیر بێت، سەقامگیری و ئارامی ڕێژیمی ئێران و تورکیەش تێك دەچێت.