کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاری لە ئێران ڕێکۆردی شکاند

15:40 - 10 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژەی بێکاری وەرزی لاوان گەیشتە ٢٨/٨% کە ئەمە ڕێکۆردێکی نوێیە لە ماوەی شازدە ساڵی ڕابردوودا.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ڕێژەی بێکاری لە نێو لاوانی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتۆتە ٢٨/٨% و رێکۆردی شازدە ساڵەی ئەو ڕێژەیەی شکاند.

ڕێژەی بێکاری لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٥، ٢٧.٨% بووە و ئەو ڕێژەیە ساڵ بە ساڵ ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات.

زیاترین ڕێژەی بێکاریش لە وەرزی بەهاری ساڵی ١٣٨٠ دا بوو کە گەیشتبووە ٣٠.٦% .

هەر لەو پەیوەندییەدا رەحمانی فەزڵی وەزیری ڕێژیمی ئێران دەڵێت ڕێژەی بێکاری لە هەندێک لە شارەکان گەیشتۆتە ٦٠% و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە باڵاترین پارێزگاکانن کە ئەو ڕێژەیەیان بۆخۆیان تۆمار کردووە.

فەزلی وتی لەو جێگایانەی ڕێژەی بێکاری زیاترە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو ئێعتیاد، تەڵاق و پەراوێز نشینی زیاترە.

وادە و بەڵێنییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ چارەسەر کردنی بێکاری بێ ئەنجام ماوەتەوە و سیاسەتی خەڵک برسی راگرە و حکومەت بکە ناهێڵێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

چوونە سەری ئاستی بێکاری لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی رێژیم بە بەردەوامی بەڵێنی باشتر کردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیانیان داوە و تەنانەت حەسەن روحانی سەرکۆماری رێژیمی ئێرانیش نەیتوانی ئەو قەیرانە کەم بکاتەوە.

بە باوەڕی کارناسان گەمارۆ ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران، داخرانی زۆربەی یەکە پیشەییەکان و کۆتایی هێنان بە وەبەرهێنان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروست بوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێران دێنە ئەژمار.

ژمارەیەک کارناسی دیکەش دەڵێن: هۆکاری پەرەسەندنی هەژاری لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ یارمەتییە ماڵییەکانی ئێران بە رێژیمی بەشار ئەسەد، میلیشیاکانی حیزبوڵڵا، حوسییەکانی یەمەن و ژمارەیەک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق.