کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی یەک مانگدا سێ هەزار کەس لە سووریه کوژراون

15:42 - 10 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: لە مانگی سێپتامبری ڕابردوودا ٣ هەزار کەس لە سووریه کوژراون کە بە خوێناویترین مانگی ساڵی ٢٠١٧ ناوی دەرکردووە.

گرووپی چاودێرانی مافی مرۆڤ له سووریه ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە لانیکەم سێ هەزار کەس لە مانگی سێپتامبری ئەمساڵدا لە سووریه کوژراون و ئەو مانگه خوێناویترین مانگی ئەمساڵ بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ٩٩٥ کەسی مەدەنی لە شەڕ و نائارامییەکانی سووریەدا کوژراون که ٢٠٧ کەسیان منداڵن.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گرووپی چاودێرانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە زیاتر لە سەدا ٧٠ی ئەو کەسە مەدەنیانەی کوژراون بە هۆی بۆردوومانی هەوایی ئەرتەشی ڕێژیمی ئەسەد، ڕووسیه و هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی بووە.

بەپێی ئامارەکان هەتا ئێستا زیاتر لە ١٢ میلیۆن کەس لە خەڵکی سووریە ئاوارە بوون و هەروەها زیاتر لە نیو میلیۆن کەسیش کوژراون.

بەگوێرەی توێژینەوەکان کە لەلایەن دامەزراوەی چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤی \'\'سیواسیتە\'\' بڵاو کراوەتەوە، لە هەر ٥٠ خولەکدا منداڵێکی سووریە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریەوە گیانی لە دەست دەدا.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەراوردی کردووە کە نزیک بە ٢٦٠ هەزار کەس لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا کوژراون و نزیک بە ١١ میلیۆن کەس لە خەڵکی سووریە واتە نیوەی حەشیمەتی ئەو وڵاتە بەناچار ماڵ‌ و سامانیان بەجێهێشتووە.

ڕێژیمی ئێران لە پشتیوانانی سەرەکی ڕێژیمی ئەسەدە و تا ئێستا سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم و ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە تەلەفاتێکی زۆریان داوە.